دوای سوێند خواردنی لە هۆڵی ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردستاندا، رۆژی یەكشەممە بەرواری ( 11- 5- 2014) بەڕێز ( خالد هادی چاوشلی ) وەك سێیەمین سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم دەست بەكاربوو.
سەرۆكی نوێی دیوان لە وتەیەك هیوای خواست كە لەماوەی ئەم خولەی سەرۆكایەتیەكەی بتوانێت زۆربەی كاروبارەكانی ئەم دەزگایە بەپێی یاسا و رێنماییەكان رێك بخاتەوە، وەكو پێشتر ستافی چاودێران و كارمەندانی دیوان دەست بە وردبینیكردنی دام و دەزگاكانی حكومەتی هەرێم بكەنەوە.
لەلای خۆشیەوە بەڕێز سكرتێری پەرلەمان بەناوی پەرلەمانی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە بەڕێزیان كرد و هیوای سەركەوتنی بەردەوامی بۆ سەرۆكی نوێی دیوانی چاودێری و سەرجەم كارمەندان خواست و لە هەمان كاتیشدا پشتگیری تەواوی پەرلەمانی كوردستانی بۆ سەرخستن و بەرەوپێشچوونی دیوانی چاودێری دارایی دەربڕی.