سەرهەڵدان و پێشكەوتنی دیوان
لەدوای راپەڕینە شكۆدارەكەی ئازاری ساڵی (1991 ز) و ئازادكردنی بەشێكی گەورەی هەرێمی كوردستانی عێراق لە پاشكۆیەتی رژێمی پێشوو، كە پاشان چەندین بڕیاری بەدواداهات لە لایەن حكومەتی ناوەندییەوە وەك هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە كارگێرییەكان وە كێشاندنەوەی یەكە كارگێرییەكان و دان پێنەنان بە سیستەمە كارگێرییەكانی هەرێم و ئینجا سەپاندنی گەمارۆیەكی ستەمكارانەی ئابووری...بۆیە دەبوایە سەركردایەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی كورد كە ئەوكاتە خۆی لە بەرەی كوردستانیدا دەبینیەوە، دەستپێشخەری بكات و پەلە بكات لە دانانی رێوشوێنی گواستنەوە لە قۆناغی شۆڕشەوە بۆ قۆناغێك كە تێیدا بەرگەی ئەو بەرپرسیارێتیانە بگرێ كە خراوەتە سەرشانی ئەوانیش بریتی بوون لە بەڕێوەبردنی كاروباری هەرێم و بەرگریكردن لە مافە ڕەواكانی لە چوارچێوەی تاقیكردنەوەیەك كە ئەوكات بێ وێنە بوو لەناوچەكەدا لە پێناو بنیاتنانی ئەو دەزگا یاساییانەی كە راستەوخۆ لە لایەن گەلی كورستانی عێراقەوە هەڵبژێردران. بەپشتیوانی خوای گەورە بە هەواڵا و كۆششی دڵسۆزی ڕۆڵەكانی هەرێم هەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف لە بەرواری (19/5/1992) بەڕێوەچوو و تێیدا ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەڵبژێردران و دوای ئەویش حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهێنرا و دەستكرا بە پیادەكردنی ئەركەكان و رووبەڕووبوونەوەی ئەو كێشەو ئاستەنگە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیانەی كە كەوتبوونە سەرشانی. لەگەڵ ئەمانەشدا هەنگاوی هاوتەریب نەنرا بۆ دامەزراندنی دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێمدا كە هاوشانی هەنگاوەكانی دامەزراندنی حكومەت بن ئەمەش بەهۆی پێ نەگەیینی پێویستی پێ ی لە لایەك. لە لایەكی دیكەشەوە جێ بەجێ نەكردنی تەواوی مەرجەكان و پێداویستیەكانی بە دەزگاو و دەستووری بوون وە هەروەها سادەیی درامەتە داراییەكان لەم كاتەدا لە دەزگا فەرمیەكانی هەرێم، كەچی سەرەڕای ئەوەش بەهەندێ شێوازو هۆكارەوە كاری چاودێریی پیادەدەكرا، ئەویش لە رێگەی كاری ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و پشكنینی دارایی سەر بەوەزارەتی دارایی.
لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی كوردستاندا كە بووە هۆی دامەزراندنی دوو ئیدارەی جیاواز لە هەرێمدا (ئیدارەی هەولێر و ئیدارەی سلێمانی)، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیدارەی سلێمانی چەند بڕیارێكی بە ژمارەی (90 لە 12/6/1997) دەركرد بڕیاری دامەزراندنی دیوانی چاودێر دارایی درا وە بەڕێز (باییز تاڵەبانی) بوو بەسەرۆكی دیوان و تاكو ساڵی (2002) لە پۆستەكەیدا مایەوە، پاشان بەڕێز (جەلال سام ئاغا) پۆستی سەرۆكی دیوانی وەرگرت و ئەویش تاكو ساڵی (2010) تێیدا بەردەوام بوو، بەڵام لە ئیدارەی هەولێردا دەستەی وردبینی باڵا كە سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بوو پێكهێنرا و ڕاستەوخۆ سەر بە خودی سەرۆك وەزیران و جێگرەكەی بوو. لەلایەكی دیكەوە بەهۆی فراوانبوونی پێكهاتە ئیداریەكان و ئاڵۆزی ئەركەكانیان و لە پێناو كۆنترۆڵكردنی چالاكیەكانی ئەو پێكهاتە ئیداریانە لە لایەنی ژمێریاری و كارگێری و دارایی وە هەڵسوڕاندنی سامانی گشتی بەگوێرەی یاساو سیستەم و رێنماییەكانی دارایی و ژمێریاری كە لە هەرێمی كوردستاندا كاری پێدەكرێ.
لەم هەنگاوانەدا بیرۆكەی دامەزراندنی دیوانی چاودێری دارایی سەری هەڵدا، ئەویش لە پێناو دڵنیابوون لە سەلامەتی سەرچاوە داراییە گشتییەكان و باج و خەرجی و سەرفكردن. ئەم بیرۆكەیەش ڕاستەوخۆ بە ڕێنوێنی سەرۆك (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەشەی كردو سەری هەڵدا، كاتێك فەرمانی بە ئەنجوومەنی وەزیران كرد كەوا پرۆژە یاسای دیوان دابڕێژن، ئینجا پڕۆژە پێشنیازكراوەكە لەدوای توێژینەوەیەكی ورد و قووڵ و گفتوگۆیەكی تێروتەسەل لە لایەن لێژنە تایبەتمەندەكانی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردستان داڕێژراو نووسرایەوە و بۆ ئەم مەبەستەش یاسای ژمارە(14ی ساڵی 2000) لە دانیشتنی ڕۆژی (6/12/2000) ڕاگەیندراو لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان ژمارە (7 لە 24/12/2000) بڵاوكرایەوە. بەگوێرەی ئەو یاسایەش پۆستی سەرۆكی دیوان بۆماوەی (4) ساڵ درایە بەڕێز (د.جەرجیس حەسەن) وە دەشێت ماوەكە نوێ بكرێتەوە، لە بەرواری (1/6/2001) دا لە دیوان دەستبەكار بوو وە بەهۆی باری شلۆق و نالەباری ئەوكاتەی سیاسەتی هەرێم ماوەی (10) ساڵ لەو پۆستەدا مایەوە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە بوونی درز و كەلەبەر لە یاسای ژمارە (14 ی ساڵی 2000) بدەین لە ڕووی ئەرك و دەسەڵاتەكانەوە، ئەم بۆشایی و كەلەبەرە بۆتە هۆی بەستنەوەی ئەركی دیوان، لەدەستدانی سەربەخۆییەكەی لەرووی میلاك و بودجەوە، ئەم كەموكورتیە لەكاتی داڕشتنەوەی پرۆژە یاسای نوێ كە لەسەر داواكاری پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی عێراق بەنووسراوی ژمارە (1105) لە(24/12/2006) لەلایەن هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانییەوە چارەسەر كرا، ئەو لێژنەیەی ڕاسپێردرابوو بە داڕشتنەوەی یاسای رێكخراوی دیوان، لیژنەی دیوانی چاودێری دارایی (ئیدارەی هەولێر) لەم بەڕێزانە پێكهاتبوون:
1- بەڕێز دڵزار بابكە حنا / بەڕێوەبەری گشتی دیوان.
2- بەڕێز جەبار عبدالفتاح محمد / بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ووردبینی كارگوزاری گشتی.
3- بەڕێز فەریق سلێمان ڕەمەزان/ بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ووردبینی كەرتەكانی كشتوكاڵی و پیشەسازی دیوانی چاودێری دارایی.
لیژنەی ئیدارەی سلێمانی لەم بەڕێزانە پێكهاتبوون:
بەڕێز تاج الدین صاحب محمد / جێگری سەرۆكی دیوان.
بەڕێز عبدالرحمن صالح رشید / بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی ووردبینی كەرتی كارگوزاری گشتی.
بەڕێز أحمد أمین رشید/ بەڕێوەبەری گشتی دیوان.
دوای چەند دانیشتنێكی راوێژكاری لە هەولێرو سلێمانی و بەراووردكردنی بەیاسای وڵاتانی دراوسێ و حكومەتی مەركەزیەوە، لیژنەی باڵا گەیشتنە داڕشتنی پرۆژە یاسای دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم، دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمانی كوردستان، یاساكە بە شێوەیەكی كۆتایی داڕێژرایەوەو بە ژمارە (2) لە ساڵی (2008) یاساكە دەرچوو، دواتر لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە پەسند كرا، لە ژمارە (86) رێكەوتی(26/5/2008) لە وەقایعی كوردستان بڵاوكرایەوە. بەڵام كار بەم یاسایە نەكرا تا ماوەی (2)ساڵ تا ئەو كاتەی بەڕێز (هادی محمد كریم ڕەحمانی) ئەم پۆستەی وەرگرت وە لەبەر ئەوەی ماوەیەكی كورت لەم پۆستە مایەوە خانەنشین كرا لە مانگی (4) ساڵی (2012) بۆیە نەیتوانی وەك پێویست دیوانەكە یەكبخات و كارای بكات. لەو مێژووە بە هۆی نەبوونی سەرۆكێك بۆ دیوان تا دەستبەكاربوونی سەرۆكی ئێستای كاری دیوان راگیرا. لەساڵی (2013) و دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی هەرێم و دروستبوونی حكومەتی بنكە فراوان كە زۆربەی پارت و لایەنە كوردستانییەكان لە خۆگرت، پێویست بوو ڕۆڵی دیوانی چاودێری دارایی كارا بكرێ، بۆ چاودێریكردن و بەدوا داچوونی كارو چالاكییەكانی حكومەت و دەستنیشان كردنی كەموكورتی دەزگاكان و پێدانی راسپاردەو رێنمایی پێویست بۆ چارەسەركردنیان، بۆیە پەرلەمانی كوردستان دەرفەتی واڵا كرد لەبەردەم كەسایەتییە بێلایەن و تەكنۆكراتەكان، ئەو كەسانەی شارەزای زانستی و پیشەییان لەم بواردەدا هەیە. بەڕێز (خالد هادی چاوشلی) بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بە سەرۆكی دیوان هەڵبژێردرا، لە رۆژی (11/5/2014) دەست بەكاربوو. لەپێناو بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی لە دەقی یاسای دیوان دا هاتوو، هەڵسا بە گرتنەبەری ڕێوشون و ئەو هەنگاوە بە پەلانەی خوارەوە:
1- بەپێی مادەی شەشەمی یاسای دیوان یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی چاودێری دارایی كە لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان پێكهاتبوو گرێدرا.
2- بە پێ ی مادەی بیست و دووەمی یاسای دیوان دوای گفتوگۆیەكی تێرو تەسەل و بەستنی چەند كۆبوونەوەیەكی یەك بە دوای یەكی ئەنجوومەنی چاودێری داڕشتنەوە بۆ سیستەمی ناوەخۆی دیوان كرا، دواتر لە ژمارە (177 لە 28/8/2014) لە وەقایعی كوردستان بڵاوكرایەوە.
3- لە ژێر رۆشنایی سیستەمی ناوەخۆی دیوان پەیكەری ڕێكخراوی دیوان دانراو وە لە ژێر ڕۆشنای پەیكەرەكە پێكهاتەكانی دیوان دیاركرا.
4- بە مەبەستی پڕكردنەوەی پلەو وەزیفە بەتاڵەكانی پەیكەری دیوان، میكانزمێك دانرا بۆ گواستنەوەی ئەو فەرمانبەرانەی كە شارەزایی زانستی و كردارەكیان لە بواری ژمێریاری و كارگێڕی و دارایی هەیە لە خاوەن بڕوانامەی باڵا و بڕوانامە بەراییەكان.
5- یەكخستنەوەی هەموو لایەنە روخساری و كارگێڕی و هونەریەكانی پەیڕەوكراوی ناو سەرۆكایەتی دیوان و بەڕێوەبەرایەتیەكانی هەولێر و سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیە كەرتیەكان وەكو یەك درووشمی دیوان، یەكخستنی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان و ناسنامە و مەڵبەندی بوون لە راگەیاندن، كارا كردنی پێگەی ئەلیكترۆنی، یەكخستنەوەی جۆرو داڕشتنی راپۆرتەكان، مەڵبەندی بوون لە بڕیاردان.
6- بەدیهێنانی ڕادەی زیاتر لە سەربەخۆیی دیوان وە پیادەكرنی دەسەڵاتەكانی وەزیری دارایی كە بەخشراوەتە سەرۆكی دیوان، لەبارەی ئەو بابەتانەی كە پەیوەستن بە میلاك و بودجەی دیوان، بەپێی مادەی 5 لە یاسای دیوان.
7- بۆ یەكەم جار دەست كرا بە خەرجكردنی ئەو دەرماڵانەی كە لە یاسای دیواندا هاتووە بۆ گشت فەرمانبەرانی دیوان لە وەتەی یاساكە دەرچووە لە ساڵی (2008).
8- بەمەبەستی كەمكردنەوەی رۆتین و بەڕێوەچوونی كاروباری دیوان، دەسەڵاتی پێویست بەخشراوە وە هەروەها رێوشونی پێویست بۆ دابەشكردنی كاری فەرمانبەران وەرگیرا، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە كارەكانیان رابپەڕێنن.
9- دوای تەواوكردنی كارە ئیداریەكان ئەنجوومەنی چاودێری هەڵسا بە دانانی پلانێكی تۆكمە بۆ ووردبینی كردنی ساڵی دارایی كۆتا هاتوو لە (31/12/2013).
10- بۆ جێبەجێكردنی پلانی داڕێژراو لەلایەن ئەنجوومەنی چاودێریەوە، بە پشت بەستن بە یاساو رێنمایی و سیستەمی پەیڕەوكراو و ئەو دەسەڵاتانەی كە بەخشراوە، دەستەكانی ووردبینی دەستبەكاربوون بە مەبەستی ئەنجامدانی كاری چاودێریكردن لەسەر فەرمانگەو دەزگا حكومیەكان.
11- بەڕێوەبەرایەتی كاروباری هونەری و توێژینەوە بەهەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەكان بۆ ساڵی دارایی كۆتا هاتوو لە (31/12/2013) هەڵسان بە ئامادەكردنی راپۆرتێكی گشتگیر لەسەر كارو چالاكییەكانی فەرمانگەو دەزگا حكومی و ئەو لایەنانەی مامەڵە بە دارایی گشتی دەكەن، كە ئەمانە دەگرێتەوە:
أ- تێبینییەكان و سەرپێچییە هاوبەشەكانی فەرمانگە حكومییەكان
ب- بڕگەی تایبەت بە تێبینی و سەرپێچییەكان وە ڕاسپاردەكانی ڕاپۆرتی فەرمانگەی ووردبینی ناوەندییەكان و فەرمانگەی ووردبینی پارێزگاكان.
ج- تێبینی و ڕاسپاردەكان لە بارەی گرێبەستە گشتییەكان (حكومیەكان).
د- ڕاسپاردە گشتیەكانی دیوان.
12- چەندین لێكۆڵینەوەو توێژینەوە لەبارەی ئەو بابەتە هەنووكەییانەی كە رەنگدانەوەیان لەسەر دارایی و ژمێریاری و كارگێڕی و ئابووری هەیە، وە لەژێر رۆشنایی ڕاسپاردەكانی دەستەكانی چاودێری لەكاتی چاودێریكردن و ووردبینی مەیدانی ئینجا دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بەگوێرەی یاساو ڕێسای پەیڕەوكراو بۆ زۆربەی سەرپێچییە داراییەكان. هەروەها راسپاردەكان ئاراستەی لایەنە پەیوەندارەكان دەكرێت لەبارەی رێكخستنی یەكە حیسابیەكان و بەدەستەوەگرتنی تۆمارە حكومییەكان.
13- چارەسەركردنی لایەنە یاساییەكانی تایبەت بە خاوەندارێتی ئەو زەویەی دیوانی لەسەر بونیادنراوە، ئەنجامدانی كاری سازدانەوە (صیانە) و نۆژنكردنەوەی بیناكە، بۆ ئەوەی گونجاو بێت بۆ لەخۆگرتنی فەرمانبەران و پیادەكردنی كارە كارگێڕی و هونەرییەكان.
14- دەستكراوە بە رێوشوونی دامەزراندنی فەرمانگەی وردبینی دهۆك و هەڵەبجە.
15- پلاناندان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەی لە پێناوی دامەزراوەو گەیشتن بەو تێڕوانینەی دەیەوێ بەدی بێنێ.
|