هەواڵ

دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان بەنووسراوێكی فەرمی كە ئاراستەی دەستەی گشتی دەستپاكی هەرێم كردووە چەند پێشنیازێك دەخاتەروو، تێیدا هاتووە: لە روانگەی ئەو راستییەی كە دەڵێت: پڕكردنه‌وه‌ی فۆرمی بەرژەوەندی دارایی یەكێكە لە پێكهاتەكانی دامەزراندنی كۆمەڵگەی كارگێڕی دەستپاكی و به‌ڵام بە تەنیا ناتوانێت سەرچاوەكانی دەستكەوتنی نادیار ریزبەند بكات بە بێ‌ توكمە كردنی رێوشوێنی یاسایی پەیوەندار و ئەمەش لە ئەنجامدا ئاسانكاری بۆ جێبەجێ كردنی ئامانجەكانی دەستەی دەستپاكی و دیوانی چاودێری دەكات.

بۆیە دیوانی چاودێری دارایی پێشنیاز دەكات كە دەستە، خودی خۆی مفاتحەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بكات، بۆ دەركردنی رێنمایی تایبەت بە دیاری كردنی هەڵسوكەوت و ئەو كارانەی كە هاودژن لەگەڵ پێداویستیەكانی دەستپاكی.، بە جۆرێك كە لەسەر بەرپرسە پلەبەرزەكان پێویست بكات بەتایبەتی ئەوانەی كە لەشوێنی كاریگەرن و بڕیاری وەزارەتەكانیان بەدەستە، یاخود دەزگاكانی كارگێریان كە نموونەكان، ئه‌م رێكارانه‌ بیگرێته‌ به‌ر لە خوارەوە هاتووە :

1 . نابێت كۆ بكرێت لە نێوان ئەو پۆستانە و شوێنگرتنی هەر پلەیەكی كارگێری یاخود راوێژكاری یاخود ئەندامیەتی ئەنجوومەنی كارگێری كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت .

2 . نابێت هەڵبسێت بە كڕین یان بە كرێگرتنی ماڵی گشتی یان یەكێك لەكەسایەتیە مەعنەوییە گشتییەكان چ بە راستەوخۆ و چ لە رێگای هەراجكردنی ئاشكرا (مزاد علنی) .

3 . نابێت هەڵبسێت بە فروشتنی یان بەكرێدانی ماڵی گواستراوەی یاخود نەگواستراوەی خۆی بۆ بەرژەوەندی دامەزراوەكانی میری كە دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی كارگێری خۆی.

4 . نابێت خۆی یان خێزانەكەی وەكو لایەنێك لەو گرێبەستانەی كە دەزگا حكومیەكان پێی هەڵدەستن بەشدار بن.

5 . قەدەغەكردنی وەرگرتنی دیاری یان پاداشت لە هەر لایەنێكی گشتی یان تایبەتی كەكاریگەری راستەوخۆ یاخود ناراستەوخۆ هەبێت لەسەر بێلایەنی و سەربەخۆیی بڕیارەكانی .

6 . نابێت هەڵبسێت بە خەرج كردنی تێچوونی گەشتی تایبەت لە ماڵی گشتی لە رێگای دروست كردنی بەهانەی فەرمی نابابەتیانە بۆ گەشتەكەی.

7 . رێكخستنی میكانزم و جۆر و شێوەی سوود وەرگرتن لەجیاوكەكان (امتیازات) كە لە مووچەی مانگانەدا نەهاتووە لە چوارچێوەی یاسایی لە زیادە رۆیی( تجاوز) و دروست كردنی جیاوازی گەورە لەگەڵ دەستكەوتەكانی وەزیفەی گشتی تر وەك (پێدانی كرێی نیشتەجێ بوون و خەرجی چارەسەركردنی نەخۆشیی.....هتد).

8 . رێكخستنی پێوەر و میكانزمەكانی دابینكردن و خەرجكردنی بەخشینی مانگانەی تایبەت بە وەزیرەكان و پلە تایبەتەكان لە چوارچێوەی یاسایی كە ڕێگری بكات لە زیادەڕۆیی بەكارهێنانی بەخشینەكە یان دانانی وەكو بەشێكی تەواوكەری مووچەی مانگانەكەیان.

9 . نابێت هەڵسێت بە دامەزراندنی هاوسەرەكەی یان منداڵەكانی یان خزمەكانی لە هەمان دامەزراوەی میری كە لە ژێر دەسەڵاتی كارگێڕی خۆی بێت یان بە دەركردنی لە رێنماییەكانی پرۆسەی دامەزراندن بەبێ بوونی پێویستی كردەنی(فعلی) بە پسپۆرییەكەی.    
  • بەڕێزان دەتوانن لە رێگەی ئەم فۆرمه یا ئیمەیل و تەلەفۆنانە پەیوەندی بكه‌ن به‌ ئێمەوه هەواڵ و ریپۆرتاژ و بۆچوونەكانتان بنێرن
  • 60 مه‌تری - ته‌نیشت وه‌زاره‌تی ناوخۆ (به‌رامبه‌ر سایلۆ)
  • 2006 264 66 (964+)
  • info@bsa.krd