هەواڵ

له‌ پێناو رێكخستنی زیاتری بواری گه‌شه‌پێدانی سیسته‌مه‌كانی كارگێڕی و دارایی دیوانی چاودێری دارایی چه‌ندین تێبینی و گه‌شه‌پێدان له‌ بواری ئاماژه‌پێكراودا ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كات، كه‌ سه‌ره‌تا وه‌ك وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ك له‌نووسراوكه‌دا هاتووه‌: وه‌ك ئاگادارن دوای وه‌ستانی چالاكییه‌كانی دیوانه‌كه‌مان به‌هۆی بۆشایی سه‌رۆكایه‌تی دیوان، ده‌سته‌كانی چاودێریمان ده‌ستیان به‌ كاروچالاكییه‌كانی خۆیان كرده‌وه‌ و راپۆرت و تێبینیه‌كانی خۆیان ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كرد. وه‌ك ئاشكرایه‌ كه‌ به‌شێك له‌ تێبینیه‌كان پێویستیان به‌ بڕیاری به‌رزتر هه‌یه‌، كه‌ ده‌گاته‌ ئاستی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، یاخود ده‌ركردنی یاسای نوێ.

بۆیه‌ به‌ پێی بڕگه‌ی دووه‌م و سێیه‌م و هه‌شته‌م له‌ مادده‌ 8 له‌ یاسای دیوانی چاودێری دارایی كوردستان ژماره‌ 2 له‌ ساڵی 2008 ئه‌م تیبینی و پێشنیارانه‌ی خواره‌وه‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ستتان بۆ ئاگاداربوون و جێبه‌جێكردنی به‌ ئه‌و تێڕوانینانه‌ی كه‌ ئێوه‌ به‌ گونجاوی ده‌زانن.

تێبینیه‌كانیش به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی: ‌
برگه‌ی یه‌كه‌م، لایه‌نی دامه‌زراندنی سندوقی خانه‌نشینی و، چالاك كردنی ده‌زگاكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها دامه‌زراندنی چه‌ند كۆمپانیایه‌كی تێكه‌ڵاو له‌ نێوان سندوقی خانه‌نشینی و چه‌ند كۆمپانیایه‌ك كه‌ سود و قازانجی مسۆگه‌ریان تێدایه‌، له‌خۆگرتووه‌. له‌ خاڵی چواره‌میشدا باس له‌ چاوپێخشاندنێكی گشتگیر كراوه‌ له‌ سیسته‌می خانه‌نشینی و یه‌کخستنی یاسای و رێنماییه‌كان.

پاشان له‌ بڕگه‌ی دووه‌مدا باسی هه‌ماهه‌نگی كراوه‌ بۆ دابه‌شكردنی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ بێكارن. ئه‌گه‌ر ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ش رازی نه‌بوون به‌ شوێنی كاری نوێیان یاخود شوێنیان بۆ نادۆزرێته‌وه‌، ئه‌وا به‌ پێی شایه‌سته‌یی خۆیان خانه‌نشین بكرێن.

بڕگه‌ی سێیه‌می رێنماییه‌كانیش تایبه‌ته‌ به‌ كێشه‌ی زۆر بوونی راوێژكار و پله‌ی تایبه‌ت له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌راستی بارگرانییه‌كی ئێجگار زۆر له‌سه‌ر بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ بڕگه‌ی چواره‌م و بۆ رێكخستن و به‌یاساكردنی ئیمیتازاتی پله‌ تایبه‌ت و وه‌زیره‌كان، دیوانی چاودێری دارایی پێشنیاری ره‌شنووسێك یان پڕۆژه‌ یاسایه‌ك ده‌كات كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ ئاماده‌بكرێت و بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان، كه‌ ئه‌ویش بریتی بێ له‌: ژماره‌ و جۆری ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له‌به‌ر ده‌ست ئه‌و به‌رپرسانه‌ دایه‌ و دانانی سیسته‌مێك بۆ گۆڕینی ئۆتۆمبێله‌كان و چاره‌نووسی ئۆتۆمبیله‌كانیان له‌ دوای خانه‌نشینیان و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ی وه‌ك دڵنیایی ته‌ندروستی و ژماره‌ی پاسه‌وان و چۆنیه‌تی خه‌رج كردنی به‌خشینه‌ی تایبه‌ت به‌وه‌زیره‌كان و به‌خشینی زه‌وی پێیان له‌خۆ گرتووه‌.

جێی باسه‌ كه‌ بڕگه‌ی پێنجه‌م باس له‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و گوژمانه‌ ده‌كات كه‌ ته‌مویل كراون له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان و په‌یوه‌ندییان به‌ بانكه‌ ئه‌هلیه‌كان و سودو قازانجیان.

بڕگه‌ی شه‌شه‌میش تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵاوێر نه‌كردنی (عدم استثناء)ی وه‌زاره‌ته‌كان له‌ جێبه‌جێ كردنی گرێبه‌سته‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی رێنماییه‌كان. 

بڕگه‌ی حه‌وته‌میش له‌ پێنج خاڵدا باس له‌ گۆڕینی سیسته‌می وه‌رگرتنی كرێی ئاو و كاره‌با ده‌كات كه‌ ببێته‌ هۆكارێك بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌ده‌ستهێنانی داهات له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی كاره‌باو شاره‌وانی.

هه‌روه‌ها بڕگه‌ی نۆیه‌م كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ جیاكردنه‌وه‌ له‌ نێوان داهات و خه‌رجییه‌كانی یه‌كه‌ كارگێڕیه‌كان ده‌ڵێ: پێویسته‌ دووباره‌ چاوبخشێنرێته‌وه‌ به‌ گشت ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ی كه‌ رێگه‌ ده‌ده‌ن به‌ به‌كارهێنانی به‌شێك یاخود سه‌رجه‌م داهاته‌كانیان له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌ت و دام و ده‌زگاكانه‌وه‌. به‌ڵام بڕگه‌ی نووسراوه‌كه‌ بریتیه‌ له‌ پێشنیارێك كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ یه‌كخستنی ئه‌نجوومه‌نه‌كانی دانانی ستراتیژیه‌تی ئابووری و وه‌به‌رهێنان و سامانه‌ سروشتیه‌كان و نیشته‌جێ له‌ یه‌ك ئه‌نجوومه‌ندا.

بڕگه‌ی ده‌یه‌م كه‌ دوایین بڕگه‌یه‌ باس له‌ چۆنییه‌تی رێكخستنی رۆتینی خه‌رجكردنی یارمه‌تی و مافه‌كانی كه‌سو كاری شه‌هیده‌كان ده‌كات، تاكو بتوانن رێگری بكه‌ن له‌ دیارده‌ی دوو مووچه‌یی، چونكه‌ وارسه‌كانیان له‌ نزیكه‌ی 75 به‌نك له‌ هه‌رێمی كوردستاندا مووچه‌ و یارمه‌تییه‌كانیان وه‌رده‌گرن، ئه‌ویش به‌ دروستكردنی ناسنامایه‌كی یه‌كگرتوو و گۆڕینی مووچه‌كانیان به‌ مووچه‌ی خانه‌نشینی. جگه‌ له‌مه‌ش بابه‌تی ده‌رماڵه‌ی هاتوچۆ و نیشته‌جێبوون بۆ منداڵانی شه‌هیدان كه‌ له‌زانكۆ و په‌یمانگا ئه‌هلیه‌كان ده‌خوێنن و ساڵانه‌ بڕی 10 ملیار دیناری خه‌رجی هه‌یه‌ بۆته‌ گرفتێكی دیكه‌ له‌ كاروباری رۆژانه‌ی وه‌زاره‌تی شه‌هیدان.
  • بەڕێزان دەتوانن لە رێگەی ئەم فۆرمه یا ئیمەیل و تەلەفۆنانە پەیوەندی بكه‌ن به‌ ئێمەوه هەواڵ و ریپۆرتاژ و بۆچوونەكانتان بنێرن
  • 60 مه‌تری - ته‌نیشت وه‌زاره‌تی ناوخۆ (به‌رامبه‌ر سایلۆ)
  • 2006 264 66 (964+)
  • info@bsa.krd