هەواڵ

رۆژی سێ شه‌ممه‌ رێكه‌وتی 9/2/2015 به‌ڕێز خالید هادی چاوشلی سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌یی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بوو كه‌ له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی ده‌ستپاكی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رێكخرابوو بۆ تاوتوێكردن و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كارو چالاكییه‌كانی دیوانی چاودێری دارایی و ده‌ستپاكی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.

كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ر یه‌ك له‌ به‌ڕێزان د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هه‌رێمی كوردستان و خاتوو سازگار عه‌لی ناجی سه‌رۆكی داواكاری گشتی ئاماده‌ بوون.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ رۆڵی هه‌ر یه‌ك له‌ ده‌زگاكانی چاودێری دارایی و ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و داواكاری گشتی كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر پرۆسه‌ی نه‌هێشتن و بنبڕكردنی سه‌رپێچییه‌ جۆراو جۆره‌كان له‌ رووی دارایی و كارگێڕی و یاسایی له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ هه‌وڵ بدرێت هه‌موو لایه‌ك‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بازنه‌یه‌كی پشتیوانی به‌هێز پێكبهێنن بۆ هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوانیاندا.

له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا پێشنیاز كرا كه‌وا ئه‌مجۆره‌ دیدار و كۆبوونه‌وانه به‌رده‌وامیان هه‌بێت به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوونی ئیش و كار و هه‌نگاوه‌كانی هه‌ریه‌كه‌ له‌ ده‌زگاكان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك بتوانن به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ یه‌كتری ئامانجه‌كانیان بپێكن.

شایانی باسه‌ هه‌ر له‌دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆكان كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بۆ سه‌رۆكی هه‌ر سێ ده‌سته‌كه‌ له‌ ناو باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌ماندا سازكرا، به‌ڕێز سه‌رۆكی دیوانی چاودێری دارایی وه‌ڵامی چه‌ندین پرسیاری په‌یامنێرانی ده‌زگاكانی راگه‌یاندنی دایه‌وه‌ كه‌ له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ و كار و چالاكیه‌كانی دیوانی چاودێری داراییه‌وه‌ ئاراسته‌ی كرابوون.
  • بەڕێزان دەتوانن لە رێگەی ئەم فۆرمه یا ئیمەیل و تەلەفۆنانە پەیوەندی بكه‌ن به‌ ئێمەوه هەواڵ و ریپۆرتاژ و بۆچوونەكانتان بنێرن
  • 60 مه‌تری - ته‌نیشت وه‌زاره‌تی ناوخۆ (به‌رامبه‌ر سایلۆ)
  • 2006 264 66 (964+)
  • info@bsa.krd