هەواڵ

دوای سەردانی دەستەکانی دیوانی چاودێری دارایی بۆ وەزارەتی کارەبا دەرکەوتووە کە کۆمەڵێک لە داموده‌زگای حكومی و بەشێک لە شوێنە پیشەسازی و بازرگانییەکان قەرزی کارەبایان لەسەرە و قەرزە کەلەکەبووەکە بڕێکی زۆرە و بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە لە رێکەوتی ١١\٢\٢٠١٥ دیوانی چاودێری چەند پێشنیازێک ئاراستەی وەزارەتی ناوبراو دەکات.

لەسەرەتای نووسراوەکەی دیوانی چاودێریدا  گرنگی گەڕانەوەی ئەم قەرزانە بۆ ئەوە گه‌ڕاندۆته‌وه‌ کە بەم بڕە پارەیە دەبێتە هۆی داپۆشینی ئەو قەرز و تێچووانەی کە وەزارەتی کارەبا دەدات بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئەمەش دەبێتە هۆی بار سووکییەک لەسەر بوودجەی هەرێمی کوردستان.

هەروه‌ها لە نووسراوەکەدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوە کە فەرمانگە حکومییەکان وەک هەر پێداویستییەکی تر کە لە بوودجەی فەرمانگەکە تەرخان کراوە زیاتر لەو بڕە پارەیەی بۆیان تەرخان کراوە کارەبا بەکارنەهێنن و پابەندنەبوون بەم بڕە دەبێتە هۆی بە هەدەر دانی کارەبای زیاد لە پێویست و هەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتی.

وەک رێگەچارەی کەلەکەنەبوونی ئەم قەرزانە لە داهاتوودا، دیوانی چاودێری دارایی پێشنیازدەکات سیستەمی پارەدانی پێشوەختە (Prepaid) بەکاربهێندرێت كه‌ جگه‌ له‌ ئاسان بوونی كۆكردنه‌وه‌ی تێچووی كاره‌با و نه‌هێشتنی رۆتین و سه‌ردانی كارمه‌ندانی وه‌زاره‌تی كاربا و هاووڵاتیان، رێگه‌ له‌ كه‌له‌كه‌بوونی قه‌رزیش ده‌گرێت.

  • بەڕێزان دەتوانن لە رێگەی ئەم فۆرمه یا ئیمەیل و تەلەفۆنانە پەیوەندی بكه‌ن به‌ ئێمەوه هەواڵ و ریپۆرتاژ و بۆچوونەكانتان بنێرن
  • 60 مه‌تری - ته‌نیشت وه‌زاره‌تی ناوخۆ (به‌رامبه‌ر سایلۆ)
  • 2006 264 66 (964+)
  • info@bsa.krd