هەواڵ

رێكه‌وتی 19/02/2015 رێكخراوی گه‌شه‌پێدانی ئابووری كوردستان له‌ هۆڵی میوانخانه‌ی شیراتۆنی نێوده‌وڵه‌تی له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، كۆنفرانسێكی تایبه‌ت به‌ (به‌هێزكردنی شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه‌ له‌سه‌ر داهاتی نه‌وت و گاز و بوودجه‌ی گشتی دابینكراو بۆ هاوكاری كۆمه‌ڵایه‌تی) سازكرد.

له‌وته‌یه‌كدا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئیمینكی تیشكی خسته‌ سه‌ر بابه‌ته‌كانی كۆنفرانسه‌كه‌ و به‌گرنگ وه‌سفی كردن، كه‌ بریتین له‌ گه‌ڵاڵه‌ كردنی یاساكان بۆ باشتركردنی گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان.

له‌و كۆنفرانسه‌دا كه‌ هه‌ردوو به‌ڕێزان جه‌بار عه‌بدولفه‌تتاح محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی وردبینی پارێزگای هه‌ولێر و دڵزار بابكه‌ حنا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی كاروباری هونه‌ری و توێژینه‌وه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تی دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی كوردستان بانگهێشت كرابوون، چه‌ندین بابه‌ت تاوتوێكران و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا، له‌وانه‌: پرۆژه‌ی پێشنیازكراوی یاسای سندوقی داهاتی نه‌وت وگاز كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی لیژنه‌ی سامانه‌ سروشتیه‌كان باس كرا و له ‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ركرا.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌ پڕۆژه ‌یاسای چاودێری هاوكاری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ لایه‌ن سه‌رۆك و ئه‌ندامی لیژنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی په‌رله‌مان باسی لێوه‌كرا.

له‌ كۆتاییشدا ئاماده‌بووان له‌ دوای گفتوگۆیه‌كی تێر و ته‌سه‌ل هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كان و ده‌ربڕینی راو سه‌رنجی خۆیان له‌سه‌ر بابه‌ته‌كان، خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا و كۆنفرانسه‌كه‌یان به‌ هه‌نگاوێكی باش له‌ قه‌ڵه‌مدا و رایانگه‌یاند سه‌رجه‌م بابه‌ت و پڕۆژه‌كان له‌ خزمه‌تی تێكڕای گه‌لی كوردستاندایه‌.
  • بەڕێزان دەتوانن لە رێگەی ئەم فۆرمه یا ئیمەیل و تەلەفۆنانە پەیوەندی بكه‌ن به‌ ئێمەوه هەواڵ و ریپۆرتاژ و بۆچوونەكانتان بنێرن
  • 60 مه‌تری - ته‌نیشت وه‌زاره‌تی ناوخۆ (به‌رامبه‌ر سایلۆ)
  • 2006 264 66 (964+)
  • info@bsa.krd