هەواڵ

د. خالید هادی چاوشلی، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی پێوەست بە دەستەكەیان و چۆنیەتیی چاودێریكردنی حكوومەت و دامودەزگاكان و پرسی ئەنجامدانی چاكسازی.


سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، بەپێی بارودۆخی كوردستان، كاروبارەكانیان بۆ چاودێریكردنی دامودەزگاكان بەردەوامە، گوتیشی: ”سێ چوار ساڵە بودجە و پڕۆژە نەماوە، بۆیە هەندێك دۆسێی كۆن لای ئێمە ماون و لێكۆڵینەوەیان تێدا دەكەین، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانیش رادەسپێردرێین بۆ ئەنجامدانی هەندێك كار و ئێمەش ئەنجامیان دەدەین“.


زیاتر گوتی: ”ئەو كەموكوڕییانەی هەن بۆ ساڵانی پێشوو دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لە ساڵی 2007 بۆ ساڵی 2013“.


ئەو سەبارەت بە پڕۆژە یاسای چاكسازی كە لە پەرلەمانی كوردستانە دەڵێت: ”ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی چاكە و زۆر تێبینی و داواكاریی دامودەزگا پێوەندارەكانی چاكسازیی تیایدا جێگیر كراوە، حكوومەتیش قەناعەتی هاتووە كە كاتی چاكسازی هاتووە و دەبێ كێشەكان چارەسەر بكرێن، چونكە ئەو خەرجییە زۆرەی هەیە بارێكی قورسی لەسەر حكوومەت و گەنجینەی گشتی دروست كردووە“.


روونیشی دەكاتەوە، ئەگەر پڕۆژە یاسای چاكسازی لە مووچە و ئیمتیازەكان وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت، لەداهاتوودا گوژمەیەكی زۆری بودجە بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێنێتەوە و باری حكوومەت و بودجەش سووك دەكات، گوتیشی: ”دەبێ ئێمە گەشبین بین بەوەی چاكسازی دەكرێت، چونكە هیچ رێگاچارەیەكی ترمان لەبەردەمدا نییە جگە لە چاكسازی، ئەگەر چاكسازی نەكرێت ساڵانی داهاتوو سەخت دەبێت، ئەوەش لە بەرژەوەندیی كەسدا نییە، بۆیە دەبێت چاكسازی بكرێت“.


د. خالید هادی چاوشلی روونی كردەوە، دوای دەرچوونی یاسای چاكسازی، دیوانی چاودێریی دارایی لە هەموو فەرمانگەكان دەست بە وردبینی دەكەن و راپۆرتی خۆیان دەدەنە دەستەی نەزاهە.


گوتیشی: ”ئەركی ئێمە بەپێی یاسا دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكانە، جێبەجێكردن و چاككردنەوە و سزادان ئەوە كاری حكوومەت و دەسەڵاتی دادوەرییە، ئێمە بە دامودەزگاكان دەڵێین چ كارێك هەڵەیە، بەڵام چەندە بە گوێی ئێمە دەكەن ئەوە شتێكی ترە“.


سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی جەخت دەكاتەوە، بەهۆی راپۆرتەكانی ئەوان، چەندین ئیجرائات كراوە و لێكۆڵینەوە كراوە، دۆسێش هەیە دراوەتە داواكاری گشتی و دادگاكان، چەندین جاریش بەهۆی راپۆرتەكان پارە بۆ خەزێنەی گشتی گەڕێندراوەتەوە.


چاوشلی پێی وایە، دەبێت هەیكەلی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بچووك بكرێتەوە، گوتیشی: ”ئەو هەیكەلەی حكوومەت هەیەتی زۆر گەورەیە و دەبێت بچووك بكرێتەوە، دەبێت قەبارەی ئیداری بچووك بكرێتەوە و پلانێكی نوێ دابندرێت بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بخرێنە نێو دامودەزگاكانی حكوومەت، 4 ساڵە حكوومەتی هەرێم تەنیا پزیشكی دامەزراندووە، ئەوە وا دەكات لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا فەرمانبەری 25 ساڵی نامێنێت، هەمووی لەسەرووی 40 ساڵی دەبن، ئەوەش كێشەی نوێ دروست دەكات، بۆیە دەبێ زوو چارەسەر بكرێت بە هێنانە پێشەوەی نەوەی تازە بۆ دامودەزگاكانی حكوومەت“.


لەبارەی ئەو لیژنانەشی بەغدا پێكی هێنان بۆ وردبینیكردن لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان گوتی: ”ئێمە و دیوانی چاودێریی دارایی عێراقیش ئاگامان لە وردەكاریی ئەو لیژنانە نەبووە، ئەوەی كراوە رێكکەوتنێكی سیاسی بوو لەنێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و ناوەند، هەرێم رێگەی داوە بە هاتنی لیژنەكانی حكوومەتی عێراق، ئێمە ئاگامان لە ناوەڕۆكی ئەو كارە نەبووە و پرسمان پێ نەكراوە، سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی عێراقیش بە تەلەفۆن پێی گوتم ئەوانیش ئاگایان لە ناوەڕۆكی ئەو كارەیە نییە“.
  • بەڕێزان دەتوانن لە رێگەی ئەم فۆرمه یا ئیمەیل و تەلەفۆنانە پەیوەندی بكه‌ن به‌ ئێمەوه هەواڵ و ریپۆرتاژ و بۆچوونەكانتان بنێرن
  • 60 مه‌تری - ته‌نیشت وه‌زاره‌تی ناوخۆ (به‌رامبه‌ر سایلۆ)
  • 2006 264 66 (964+)
  • info@bsa.krd