لەپەیامێکدا سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی بەبۆنەی خانەنشین بوونی، ماڵئاوایی و گەردەن ئازایی لەفەرمانبەرانی دیوان کرد، کە ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
سڵاو و ڕێز
دوای دوو خولی کارکردن وەک سەرۆکی دیوانی چاودێری، ئەمڕۆ دەست لەکارهەڵگرتنم ڕادەگەینم و خۆشحاڵم کە ئەم ماوەیە هەمووان پێکەوە وەکو تیمێک کارمان کرد بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و خزمەتکردنی نیشتمان و هاووڵاتییان و پاراستنی مولک و ماڵی گشتی و خستنەڕووی ڕاوپێشنیار بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەمەبەستی جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکان بۆ باشترکردنی خۆشگوزەرانی هاووڵاتییان و پاراستنی مولک و ماڵی گشتی.
پێویستە سوپاستان بکەم بۆ پاڵپشتی و هاوکاری و ماندووبوونی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست لە سەرکەوتنی کارەکان و جێبەجێکردنی ئەرکەکان و داوای لێبوردنتان ئاراستە دەکەم بۆ هەر گللەیی و کەموکوڕییەک ئەگەر ڕووی دا بێت، کە بەدڵنیاییەوە هیچ ئامانج و مەبەستێکی کەسی لەدوا نەبووە.
هیوای سەرکەوتن لەژیان و کار بۆ ئێوەی ئازیز و خانەوادەی خۆشەویستتان دەخوازم و هەروەها هیوادارم هاوکار و هاوڕێی ئەو بەڕێزەش بن کە لەداهاتوو ئەم ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ بۆ گەیشتن بەئامانج و خزمەتکردنی نیشتمان و هاووڵاتییان.
هەر هەبن لە خۆشی و شادیدا
لەگەڵ ڕێزدا ...
خالید هادی چاوشلی
سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی
2023/5/2
جێی ئاماژەیە فەرمانی خانەنشینبوونی سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی، دوای دوو خولی سەرۆکایەتی دیوان و بەفەرمانی هەرێمی ژماره (٢٨٦) لە (٢٠٢٢/٩/٨) و فەرمانی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١١٠٦/٤/٤) لە (٢٠٢٣/٤/٣٠) کە تایبەتە بە خانەنشین بوونی بەڕێزیان دێت.