بە مەبەستی زیاتر پەرەپێدان بە زانستی وردبینی و چاودێری، بە تایبەت ژمێریاری کۆمپانیاکان و ئامادەکردنی زانستخوازەکان بۆ جیهانی کار، دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی زانکۆی جیهان، خولێکی سێ ڕۆژە بۆ قوتابیان و فەرمانبەرانی زانکۆی جیهان ڕێکخست.
لە سەرەتای مەراسیمەکە د. هاوکار قاسم، سەرۆکی بەشی کارگێڕی، لە پەیڤێکدا باسی لە گرنگی کاری ژمێریاری و وردبینی لە پێشخستی ئابووری و پیشەسازی وڵات کرد و ڕوونی کردەوە کە فێربوونی پیشەییانەی ژمێریاری و وردبینی، بەتایبەت بۆ قوتابییەکان زۆر پێویست و گرنگە و دواتر دەستخۆشی و سوپاسی خۆی ئاراستەی دیوانی چاودێری دارایی کرد کە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگا و فەرمانگە حکومییەکان دەکات بۆ هاوکاری تەکنیکی و زانستی لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی توانستی کارمەندانی دامودەزگا و فەرمانگە حکومییەکان.
لەلایەن خۆشییەوە محسن محمد صالح، بەڕێوەبەری ڕاهێنان و پەرەپێدانی پیشەیی لە دیوانەکەمان، کە وەک نوێنەری سەرۆکی دیوان بەشداری مەراسیمی کردنەوەی کردبوو، گوتی: پێویستە ئەم جۆره خولانە پەرەیان پێ بدرێت و بەردەوام بن لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی توانستی زانستی و هەروەها ئامادەیی دیوانی پیشان دا بۆ هەموو هاوکارییەک بە تایبەتی بۆ زانکۆ و ناوەندە زانستییەکان.
شایانی باسە ئەم خولە لە بەراوری ٤-٥-٢٠٢٥ دەستی پێکردووە و لە بەراوری ٦-٥-٢٠٢٥ کۆتایی پێ دێت و خولەکە لە لایەن د. سلام عمر، ژمێریاری یاسایی و سەرۆکی دەستەی وردبینی لە دیوانەکەمان پێشکەش دەکرێت.