پاڵپشت بە حوكمەكانی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (22) و بڕگەی سێیەم لە ماددەی (14) لە یاسای دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان - عێراق ژمارە (2) ی ساڵی/ 2008 وە بڕیاری ئەنجوومەنی چاودێری دارایی بڕگەی (دووەم) لە كۆنووسی دانیشتنی یەكەم لە 24/6/2014 ئەم پەیڕەوەمان دەركرد:-
ژمارە (1)ی ساڵی 2014
پەیڕەوی ناوخۆی
دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان - عێراق
ماددەی (1) ئامانجەكانی پەیڕەو:
پەیڕەوەكە پێكهاتە كارگێرییە سەرەكیەكانی دیوان و ئەركەكانیان و ڕێكخستنی پەیوەندیەكانیان و دابەشكردنی چالاكیەكانی كارگێڕی و دارایی و چاودێری بەسەر ئەو فەرمانگە و بەرێوەبەرایەتیانەی كەدیوان لێیان پێكهاتووە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی لە پێناویدا دامەزراوە.
ماددەی ( 2 ) زاراوە و دەربڕینە بەكارهاتووەكان لەم پەیڕەوەدا:
زاراوە و واتا بەكارهاتووەكان لەم پەیڕەوەدا هەمان مانا و دەربڕینیان هەیە كە لە (ماددەی یەكەم)ی یاسای دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان - عێراق ژمارە (2)ی ساڵی/ 2008دا هاتوون.
ماددەی (3) پێكهاتەكانی دیوان:
یەكەم / ئەنجوومەنی چاودێری دارایی / پێكدێت لە سەرۆكی دیوان وەك سەرۆك وە جێگری سەرۆكی دیوان و بەرێوەبەرە گشتییەكان وەك ئەندام ، وە لە كاتی ئامادە نەبوونی سەرۆك جێگرەكەی یا ئەو ئەندامەی ئەنجومەن كە بە فەرمی لە لایەن سەرۆكەوە ڕێپێدراوە جێگای دەگرێتەوە .
دووەم/ فەرمانگەی كاروباری كارگێری و دارایی و یاسایی .
سێ یەم/ فەرمانگەی كاروباری هونەری و توێژینەوە .
چوارەم/ فەرمانگاكانی ووردبینی مەڵبەندی / ژمارە و چالاكییە كەرتییەكانی هەریەكێكیان بە پێی قەبارە و پێداویستیەكانی كاری مەیدانی بە بڕیاری ئەنجومەن دیاری دەكرێت .
پێنجەم/ فەرمانگەكانی ووردبینی پارێزگاكان .
شەشەم/ نووسینگەی سەرۆكی دیوان .
حەوتەم/ بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتیەكان .
هەشتەم/ بەشی چاودێری ناوخۆ .
ماددەی (4) پێكهاتەكانی فەرمانگەی كاروباری كارگێری و دارایی و یاسایی و ئەركەكانیان :
یەكەم / بەرێوەبەرایەتی سەرچاوە مرۆییەكان هەڵدەستێت بە:
ا. ئامادەكرنی میلاكی دیوان وناساندنی وەزیفەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە و بەشەكانی تر .
ب. ڕاگەیاندنی پلە بەتاڵەكان و پڕكردنەوەیان بە كەسانی لێهاتوو و كارامە و جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی دامەزراندنیان.
پ. دەركردنی فەرمانەكانی پەیوەست بەكاروباری فەرمانبەران وەك ( پێدانی مۆڵەتەكان و بەرزكردنەوەی پلە و هەژماركردنی ڕاژە و سەرمووچەی ساڵانە و دەرماڵە و شاندكردن و گواستنەوەی ڕاژە و تەنسیب و پاداشتەكان و ئاڕاستەكردنی سزای بەرزەفتی و ...هتد).
ت. وردبینی و پەسەندكردنی فۆرمەكانی تایبەت بە دەركردنی ناسنامە بۆ فەرمانبەرانی دیوان .
ج. ڕێكخستن و بەدواداچوون بۆ تەواوكردنی مامەڵەی خانەنشینی و پەڕاوی ڕاژەی ئەو فەرمانبەرانەی دیوان كە خانەنشین دەكرێن .
چ. ڕێكخستنی دۆسییە و تۆمار و داتابەیسەكان بۆ ئەو چالاكیانەی ئەم بەڕیوەبەرایەتیە لە خۆی دەگرێت.
دووەم/ بەرێوەبەرایەتی كاروباری دارایی هەڵدەستێت بە :-
ا.. ئامادەكردن و جێبەجێكردنی بودجەی ئاسایی و وەبەرهێنانی دیوان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە و بەشە پەیوەندارەكان.
ب.. ڕێكخستنی بەڵگەی خەرج و قەید و وەرگرتن و چەسپاندنیان لە تۆمارەكانی ژمێریاری پەیوەندار .
پ. ئامادەكردنی تەرازووی پێداچوونەوە و خشتەكانی مانگانەی هاوپێچ .
ت. گرتنی تۆماری هەبووە جێگیرەكان و بەردەوامی پێدانیان .
ج. تەمویل كردنی ژمێرەی فەرمانگەكانی ووردبینی پارێزگاكان بە مەبەستی داپۆشینی خەرجیە بەكاربەرەكان بە پێی بودجەی تەرخانكراویان .
چ. ئامادەكردنی ڕاپۆرتی مانگانە بەو گۆڕانكارییانەی ڕوودەدەن لە مووچە و دەرماڵە و كرێی كارمەندانی دیوان .
ح. ئامادەكردنی پێداویستیەكانی ڕێكخستنی ئەو گرێبەستانەی كە دیوان لایەنە تیایاندا، وە ئامادەكردنی تێچووی خەمڵێنراو و بەڵگەكانی كەمكردنەوە و جاڕدان و تەرخانكراوی دارایی پێویست بۆیان .
خ. ئەرشیف كردنی یاسا و پەیڕەو و ڕێنماییەكانی پەیوەست بە گرێبەستە حكومیەكان و پۆڵێن كردنی ئەو بەڵێندەر و كۆمپانیانەی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
د. ڕێكخستنی دۆسییە و تۆمار و داتابەیسەكان بۆ ئەو چالاكیانەی ئەم بەڕیوەبەرایەتیە لە خۆی دەگرێت.
سێ یەم/ بەرێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری كاڕگێری هەڵدەستێت بە:-
ا. دابینكردنی پێداویستیەكانی دیوان لە پەڕاوگە وكەل وپەل و ئامێرەكان و كۆگاكردنیان وە كۆنترۆڵ كردنی جوڵەی بەكارهێنانیان.
ب.. ڕێكخستنی كاروباری چاپ وكۆپی و ئامێرەكانی پەیوەندی جۆرا وجۆر و و پاراستن و چاكردنەوەیان.
پ. وەرگرتن و دەركردن و پاراستن و بە بەڵگە كردنی نووسراوە ئاساییەكان و سەرپەرشتی دابەشكەرانی پۆستەی دیوان .
ت. ڕێكخستنی كاروباری ئامێرەكانی گواستنەوە و پاراستنیان و دابین كردنی سووتەمەنی بۆیان .
ج. ئامادەكردنی هێڵكاری و دەرخستە ئەندازیاریەكان و سەرپەرشتی كردنی باڵەخانەی دیوان و گرتنەبەری ڕێكاری پاراستنی بە بەردەوامی بە مەبەستی پارێزگاری لێ كردن و دابین كردنی پاك و خاوێنی.
چ. ئامادەكردنی پێداویستیەكانی بەرگری شارستانی و پاراستنی ئاسایشی بارەگای دیوان و پێگەكانی تری سەر بە دیوان وە بەدواداچوونی بەردەوام سەبارەت بە ڕادەی پابەندبوونی پاسەوانەكان بە جێبەجێكردنی ئەركەكانیان .
ح. ڕێكخستنی هاتن ودەرچوونی كارمەندان و هاوڵاتیان بۆ باڵاخانەی دیوان .
خ. دابین كردنی پێداویستیەكانی میوانداری بۆ كۆنگرە و كۆڕ و كۆربەند و خولەكانی ڕاهێنان كە لەلایەن دیوانەوە ساز دەكرێن .
د. وەرگێڕانی ئەو نووسراو و گرێبەست ودۆكیۆمێنتانەی تر كە بۆی دەنێردرێن بۆ سەر زمانەكانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی )بە پێ ی پێویست.
ر. پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ لەو كۆبوونەوانەی كە لە دیوان دەبەسترێن یان دیوان بەشداری تێدا دەكات .
ز. پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری وەرگێڕان بۆ پێگەئەلكترۆنیەكانی دیوان بۆ زمانە بیانیەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری كۆمپیوتەری ئەلكترۆنی .
ژ. ڕێكخستنی دۆسییە و تۆمار و داتابەیسەكان بۆ ئەو چالاكیانەی ئەم بەڕیوەبەرایەتیە لە خۆی دەگرێت..
چوارەم/ بەرێوەرایەتی بەدواداچوونی سەرپێچییەكان و كاروباری یاساییهەڵدەستێت بە:-
ا.. گرتنەبەری ڕێكاری پێویست بەرامبەر فەرمانبەری بەرپرسیار لە سەرپێچی دارایی دیاری كراو لە ڕاپۆرتەكانی چاودێری پەسەندكراو و بەدواداچوون بۆ پاكتاوكردنی.
ب.. هەڵسان بە ئاگاداركردنەوەی داواكاری گشتی یا دەستەی دەستپاكی بۆ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی سەبارەت بەو سەرپێچیانەی كە بە تاوان ئەژمار دەكرێن وە سزایی یاسایان لەسەرە.
پ. ڕێكخستن و پاراستنی دۆسییە ڕەوان و هەمیشەیەكان (بۆئەو سەرپێچییە داراییانەی كە پێویستە لێكۆلینەوەی تیادا بكرێت و ئەگەری ئەوەی هەیە بكەونە خانەی تاوانە داراییەكان) لەو فەرمانگانەی دەكەونە ژێر ڕكێفی چاودێری یەوە، وە پێشنیاركردن بۆ داخستنی ڕاپۆرتەكان دوای جێبەجێكردنی هەموو ئەوەی تێیاندا هاتووە .
ت. پێشكەشكردنی ڕاوێژی یاسایی و ووردبینی پڕۆژەی یاسا و وپەیڕەو و ڕێنماییەكان و كۆنووسی لیژنەكانی لێكۆڵینەوە لەو كێشانەی دەخرێنە بەردەستی .
ج. بەشداری كردن لەئەندامیەتی لیژنەكانی لێكۆڵینەوە كەلەلایەن دیوانەوە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی دیوان پێكدێن بەگوێرەی پێویست.
چ. نوێنەرایەتی كردنی دیوان لە بەردەم لایەنی دادوەری و بەدواداچوونی ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی ئەو حوكم و بڕیارانەی كە لە بەرژەوەندی دیوان دەردەچن لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان.
ح. هەڵگرتن و پاراستنی دۆكیۆمێنتەكان و قەواڵەكانی تایبەت بە موڵك و خانووبەرەكانی دیوان .
خ.. ڕێكخستنی گرێبەست و بەڵێننامە و دەستەبەریەكانی پەیوەندیدار بە دیوان .
د. ڕێكخستنی دۆسێیە و تۆمار و داتابەیسەكان بۆ ئەو چالاكیانەی ئەم بەڕیوەبەرایەتیە لە خۆی دەگرێت.
پێنجەم / سكرتاریەتی سەرۆكی فەرمانگە هەڵدەستێ بە ڕێكخستنی كار و باری سەردان و نوسراوەكانی بەرێوەبەری گشتی و هەر ئەركێك كە پێ ی ڕادەسپێردرێت .
ماددەی (5) پێكهاتەكانی فەرمانگەی كاروباری هونەری و توێژینەوەو ئەركەكانیان:
یەكەم/ بەرێوەبەرایەتی توێژینەوە و هەڵسەنگاندنی چالاكییەكان هەڵدەستێت بە :
ا.. بەشداری كردن لە پەرەپێدانی پێوەرە ژمێریارییەكان و ئامادەكردن وگشتاندنی بەڵگەی كاری چاودێری بەسەر پێكهاتەكانی دیواندا .
ب..بەشداری لەپێداچوونەوە بەو ڕێنمایی و پەیڕەو و یاسایانەی كەڕەنگدانەوەی دارایی و كاڕگێریان هەیەو دەربڕینی تێبینی لەسەریان.
پ. پێشكەش كردنی ڕاوێژ و وەڵام دانەوەی پرسیارە ئاڕاستەیان كراوەكان لە بوارەكانی دارایی و ژمێریاری و ئابووری لە ناوەوە و دەرەوەی دیوانەوە.
ت. ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكانی هەڵسەنگاندنی كارە تایبەتمەندەكان بە پێ ی ڕێساو پێوەرە متمانەپێكراوەكان بۆئەم مەبەستە.
ج. گرتنەبەری ڕێكاری پێویست بۆ سوود وەرگرتن لە شارەزا و هونەریەكان لە دەرەوەی دیوان بە پێ ی پێداویستی كارەكان .
چ. كۆكردنەوەی داتا و ڕاپۆرتەكانی پێویست بۆ سازدانی ئەو كۆنگرەو كۆڕبەندانەی كەدیوان سازیان دەكات یا بەشداریان تێدا دەكات .
ح. دەربڕینی ڕاو سەرنج لەسەر ئەو دیراسات و توێژینەوانەی بەشداری لە كۆنگرە و كۆڕبەندە زانستیە خۆجێیی و نێودەوڵەتییەكان دا دەكەن .
خ. ڕێكخستنی دۆسیە و تۆمار و داتابەیسەكانی ئەو چالاكییانەی ئەم بەڕێوەبەرایتیە لە خۆی دەگرێت .
دووەم/ بەرێوەبەرایەتی ڕاهێنان و پەرەپێدانی پیشەیی هەڵدەستێت بە :
ا.. ئامادەكردنی پلانی ساڵانە و ستراتیژی بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدانی كارمەندان و دابینكردنی پێداویستیە زانستییەكان بۆ جێبەجێكردنی.
ب.. ڕێكخستنی كرداری چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە وانە بێژان و ڕاهێنەران لە ناوەوە و ودەرەوەی دیوان.
پ. بە دواداچوونی پرۆگرامەكان و هەلی ڕاهێنان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم و ڕێكخستنی بەشداری كردنی كارمەندان تیادا .
ت. سەرپەرشتی ڕاهێنانی مەیدانی قوتابیانی پەیمانگا و زانكۆكان كە دێنە دیوان بە مەبەستی مەشقی هاوینە .
ج. ڕێكخستنی خولی ڕاهێنان بۆ فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگانەی كە دەكەونە ژێر ڕكێفی چاودێری دیوان یا لە كەرتی تایبەت كاردەكەن لەو بوارانەی پەیوەندیان بە كار و ئەركەكانی دیوانەوە هەیە .
چ. بەشداری كردن لە كۆنگرە و وەرشەی كاركردن و كۆبوونەوە زانستیە خۆجێی و نێودەوڵەتیەكان كە بڕیارە لە هەرێمی كوردستان ساز بكرێن .
ح. گرتنەبەری ڕێكاری گونجاو بۆ چاودێری هاوتا لەگەڵ دام و دەزگا باڵاكانی چاودێری دارایی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و ڕێكخستنی پەیوەندیی زانستی و پیشەیی لەگەڵیاندا .
خ. ڕێكخستنی پەیوەندیەكانی دەرەوەی دیوان لەگەڵ ڕێكخراو و یەكێتی یە هاوشێوەكانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی و ڕێكخستنی پەیوەندی لەگەڵیاندا .
د. بەڕێوەبردن و ڕێكخستنی كتێبخانەی دیوان و نوێكردنەوەی بەشێوەیەكی بەردەوام .
ر. ڕێكخستنی دۆسیە و تۆمار وداتابەیسەكان بۆ ئەو چالاكیانەی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە لە خۆی دەگرێت .
سێ یەم/ بەرێوەبەرایەتی پلاندانان و بەدواداچوون و سیستەمە ئەلیكترۆنییەكان ، هەڵدەستێت بە:
ا. كۆكردنەوە و پۆلێن كردن و چارسەركردنی داتا ئامارییەكان و ئامادەكردنی ڕاپۆرتەكانی پەیوەست بە چالاكیەكانی چاودێری و بودجەی دیوان وئەوەی پەیوەندی هەیە بە سیاسەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان و عێراقەوە .
ب. كۆكردنەوە و گونجاندنی زانیاری و داتاكانی پێویست بۆ ئامادەكردن و یەكخستنی پلان و ڕاپۆرتە جۆاروجۆرەكانی دیوان.
پ. ئامادەكردنی پلانی ساڵانە و وەرزی دیوان و پێشكەش كردنی بە ئەنجومەن بە مەبەستی پەسەندكردنی .
ت. ئامادەكردنی پەیكەری ڕێكخستنی دیوان بە پێی پێكهاتە كارگێڕیەكان كە لەم پەیڕەوەدا هاتووە، وە نوێكردنەوەی بە پێی بڕیارەكانی ئەنجوومەن .
ج. هەماهەنگی لە نێوان فەرمانگەكانی وردبینی لە پارێزگاكان و پێكهاتە مەڵبەندیەكانی دیوان كە ببێتە مایەی تەواو كاری و سازان لە كاتەكانی جێبەجێكردنی پلان و كارە چاودێریەكان .
چ. ڕێكخستن و بەردەوامی دان بە دوسێیەی ڕەوان و دۆسییەی هەمیشەیی بۆ ئەو (سەرپێچیانەی كە دەكرێ پۆلێن بكرێن لەسەر سەرپێچیە كارگێرییەكان یا ڕوكەشەكان یا هەڵە سادە ژمێریاریەكانی بێ مەبەست)لەو فەرمانگانەی كەدەكەونە ژێر ڕكێفی چاودێرییەوە، وە پێشنیار بۆ داخستنی ڕاپۆرتەكان دوای جێبەجێكردنی هەموو ئەوەی تیادا هاتووە .
ح. ئامادەكردنی ڕاپۆرتی ساڵانەی دیوان دوای پوختە كردن و یەكخستنی گشت ڕاپۆرتە داراییە پەسەند كراوەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەكانی ووردبینی مەڵبەندی و فەرمانگەكانی ووردبینی پارێزگاكان و نووسینگەی سەرۆكی دیوان
خ. بەگەڕخستنی سیستەم و پرۆگرامە ئەلكترۆنیەكانی تایبەت بە كاروباری كارگێڕی و هونەری و دارایی دیوان وە دانان و پاراستنی كۆمپیوتەر و ئەو ئامێرانەی كە پێویستن .
د. ڕێكخستن و بەرێوەبردنی پۆستی ئەلكترۆنی و پاراستنی تۆڕە بەكار هاتووەكان لە پەیوەندی تەلەفۆنی و سیستەمی ئەرشیف كردنی ئەلكترونی (EDMS) ر بازنە تەلەفزیونیە داخراوەكان.
ز. بەشداری كردن لە ڕاهێنانی كارمەندانی ناوەوە ودەرەوەی دیوان لەسەر تەكنیكی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر لە بوارەكانی كارگێڕی و چاودێری دا .
ژ. ڕێكخستنی دوسیێە و تۆمار و داتا بەیسەكان بۆ ئەو چالاكیانەی ئەم بەڕێوەبەرایەتیە لە خۆی دەگرێت .
چوارەم / سكرتاریەتی سەرۆكی فەرمانگە هەڵدەستێت بە ڕیكخستنی كاروباری چاوپێكەوتن و نوسراوەكانی بەڕێوەبەری گشتی وە هەر كارێكی تر كە پێ ی بسپێردرێ.
ماددەی (6) ئەركەكانی بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەكان:
یەكەم/ ناساندنی كارو چالاكیەكانی دیوان بە میدیاكان و دابین كردنی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژنامە و دەزگا ڕاگەیاندنە جۆرا وجۆرەكان.
دووەم/ دەركردنی بڵاوكراوە و گۆڤارە وەرزیەكان بۆ ناساندنی چالاكیەكانی دیوان و سروشتی كارەكانی بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی كاروباری هونەری و توێژینەوە.
سێ یەم/ ئامادەكاری ڕاگەیاندن بۆ ئەو كۆنگرە و كۆبونەوە و كۆڕە زانستی و ڕاهێنانە خۆجێیانەی بڕیاردراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشە پەیوەندیدارەكان لە بارەگای دیوان سازبكرێت.
چوارەم/ ڕێكخستن و گرتنەبەری ڕێ و شوێنی تایبەت بە ڕێ و ڕەسمی پێشوازی كردن لە مێوان و بەرپرسەكان .
پێنجەم/ دیزاین و چاپ كردنی ناسنامە بۆ كارمەندانی دیوان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكانی پەیوەندار و بە پشت بەستن بە پلەی فەرمانبەرایەتی وداتا متمانەپێكراوەكان كە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی سەرچاوە مرۆییەكان پەسندكراوە بە ڕەزامەندی سەرۆكی دیوان .
ماددەی (7) ئەركەكانی بەشی چاودێری ناوخۆ
یەكەم/ ووردبینی مامەڵەكانی خەرج و وەرگرتن و قەیدی ڕۆژانە و دڵنیابوون لە دروستییان لە ڕووی یاسایی و ڕادەی گونجانیان بە سیستەمە ژمێركاری و ڕێنمایەكانی دارایی پێش خەرج كردن.
دووەم/ چاودێری و ووردبینی جوڵەی پێشینە و سپاردە كاتی و بەردەوام و ڕاگیراوەكان و نەختینەی خەزنە.
سێ یەم/ بە دواداچون بۆ كاری لیژنەكانی جەردی هەبووە جێگیرەكان و كۆگایەكان وگرتنەبەری رێكاری تایبەت لەم بارەیەوە، وە پشكنین وهاوتاكردنی مانگانە بۆ ژمێرە ڕەوانەكان لە بانك وهاوتاكردنی ڕۆژانە لەگەڵ خەزنە .
چوارەم/ هەڵسان بە پشكنین و جەردی لە ناكاو بۆ فەرمانگەكانی ووردبینی لە پارێزگاكان و بەشەكانی تری پەیوەندیدار.
پێنجەم/ وردبینی ئەو گرێبەستانەی لەگەڵ دیوان ئەنجام دراون و ئەنجامی جێبەجێكردنیان.
شەشەم/ وردبینی تەرازوی پیاچونەوەی مانگانە و لیستە ئامادەكراوەكان بۆ كۆمپیوتەر سەبارەت بە مووچە ودەرماڵەی فەرمانبەران.
ماددەی (8) نووسینگەی سەرۆكی دیوان
نووسینگەی سەرۆكی دیوان لە لایەن فەرمانبەرێكەوە بەڕیوەدەبرێت كە پلەكەی لە بەڕێوەبەر كەمتر نەبێت و هەڵگری بروانامەی بەكالۆریۆس و شارەزا و بە توانا بێت، نووسینگە هەڵدەستێت بە :
یەكەم / وەرگرتن و دەركردن و پاراستن و بە دۆكیۆمێنت كردنی نوسراوە نهێنیەكان لەگەڵ ڕێكخستنی سەرجەم نوسراوە تایبەتەكان كە بۆسەرۆكی دیوان دێن و بەدواچوونی ئەو فەرمان و نوسراوانەی كە لە لایەن سەرۆكی دیوانەوە دەردەچێت ، هەروەها گونجاندنی كاتەكانی كۆبوونەوە و سەردان و چاوپێكەوتنەكانی .
دووەم/ هەڵسان بە كاری سكرتاریەتی ئەنجومەنی چاودێری دارایی و ئامادەكردنی كۆنووسی دانیشتنەكان وبەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكان.
سێ یەم/ ڕێكخستنی نووسراوە كاڕگێریەكان یا ئەوەی پەیوەستە بە ڕاپۆرتەكانی چاودێری لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان – عیراق وسەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی دەستپاكی .
چوارەم / بە دواداچوون بۆ ئەنجامی ئەو داواكاری و لیژنە و ئەركە تایبەتانەی كە دیوان پێی ڕادەسپێرێت.
پێنجەم/ جێبەجێكردنی ئەرك و كارەكانی تر كە لەلایەن سەرۆكی دیوانەوە پێی ڕادەسپێرێت.
ماددەی (9) پێكهاتەكانی فەرمانگەكانی ووردبینی مەڵبەندی و فەرمانگەكانی ووردبینی پارێزگاكان وئەركەكانیان
یەكەم/ هەر فەرمانگەیەك لە فەرمانگەكانی وردبینی مەڵبەندی و فەرمانگەكانی ووردبینی پارێزگاكان فەرمانبەرێك سەرۆكایەتی دەكات بە ناونیشانی بەڕیوەبەری گشتی، وە فەرمانبەرێك بە ناونیشانی یاریدەدەری بەڕیوەبەری گشتی هاوكاری دەكات .
دووەم/ ئەوەی دادەمەزرێت بە ناونیشانی بەڕێوەبەری گشتی یان یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتی بۆ كاروباری چاودێری دەبێت هەڵگری بڕوانامەی بكالوریۆس لە ژمێریاری یان یەكێ لە زانستە داراییەكان و شارەزا بێت، باشتر وایە لەم بوارەدا بڕوانامەی باڵای هەبێت لە ژمێریاری یاسایی یان یەكێ لە زانستە پەیوەندیدارەكان .
سێیەم/ فەرمانگەكانی وردبینی مەڵبەندی هەڵدەستن بە پیادەكردن و جێبەجێكردنی كاری چاودێری كەرتی بۆ ئەو لایەنانەی كە دەكەونە ژێر دەسەڵاتی چاودێری لەسەر ئاستەكانی ڕێكخستنی سەرۆكایەتی و وەزارت و بەڕیوەبەرایەتیە گشتیەكان و دەزگا سەربەخۆكان كە تەنها لە پایتەخەتی هەرێم بوونیان هەیە .
چوارەم/ فەرمانگەكانی ووردبینی لە پارێزگاكان هەڵدەستن بە پیادەكردن و جێبەجێكردنی كاری چاودێری بە پێی سنووری جوگرافیای ئەو لایانانەی كەدەكەونە ژێر ڕكێفی دەسەڵاتی چاودێریەوە كە لە ڕووی جوگرافییدا پێوەی پەیوەستن لەسەر ئاستەكانی ڕێكخستنی خۆجێیەتی كە پێكدێت لە ئەنجومەنی پارێزگاكان و سەرجەم فەرمانگە و دام و دەزگا و سەندیكا و رێكخراوەكان لەسەر ئاستی پارێزگاكان و شار و شارۆچكەكانی سەر بەو پارێزگایە.
پێنجەم/ پێكهاتەكانی فەرمانگەكانی ووردبینی مەڵبەندی و فەرمانگەكانی ووردبینی پارێزگاكان كە بارەگایان دەكەوێتە كۆمەڵگای دیوان:
أ.. دەزگای كارگێڕی ئەوفەرمانگە و ووردبینیانەی كە دەكەونە ئەم خانەیە تەنها سكرتاریەتی سەرۆكی فەرمانگەی دەبێت .
ب.. هەر فەرمانگەیەكی ووردبینی پێكدێت لە چەند دەستەیەكی بە توانا و پێویست بۆ ڕاپەڕاندن و ئامادەكردنی پلانی كار و جێبەجێكردنی، هەروەها نووسینەوەی ڕاپۆرتەكانی پێویست بە پێ پێداویستیەكانی كاری مەیدانی و ڕێسا و نەریت و ستاندەر و بەڵگە باوەڕپێكراوەكان لەبواری چاودێری دارایی، وە ڕاستەوخۆ پەیوەست دەبن بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەوە.
ت. هەر دەستەیەكی چاودێری فەرمانبەرێك سەرۆكایەتی دەكات كە ناونیشانی لە سەرۆك دەستە كەمتر نەبێت و ژمارەیەك لە فەرمانبەر هاوكاری دەكەن كە مەرجەكانی پێویست بۆ كاری چاودێری داراییان تێداهەبێت.
پ. فەرمانگەكانی ووردبینی كە دەكەونە ئەم خانەیە پێداویستیەكانیان لە ڕووی خزمەتگوزاری و كارگێڕی و ژمێریاری و هونەری لەو پێكهاتانە وەردەگرن كە لە ناو بارەگای دیوان هەن.
شەشەم/ فەرمانگەكانی ووردبینی پارێزگاكان ئەوانەی بارەگەكانیان دەكەوێتە دەرەوەی سەنتەری دیوان پێكدێن لەم پێكهاتانەی خوارەوە كە پیادەی چالاكییەكان و ئەركی دیاری كراوی خۆیان دەكەن :
1. دەستەكانی چاودێری :
ا.. هەر فەرمانگەیەكی ووردبینی پێكدێت لە چەند دەستەیەكی بە توانا و پێویست بۆ ڕاپەڕاندن و ئامادەكردنی پلانی كار و جێبەجێكردنی و نووسینەوەی راپۆرتەكانی پێویست بەپێی پێداویستیەكانی كاری مەیدانی و ڕێسا و نەریت و ستاندەر و بەڵگە باوەڕپێكراوەكان لە بواری چاودێری دارایی، وە ڕاستەوخۆ پەیوەست دەبن بە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەوە .
ب.. هەر دەستەیەكی چاودێری فەرمانبەرێك سەرۆكایەتی دەكات كە ناونیشانەكەی لە سەرۆك دەستە كەمتر نەبێت و ژمارەیەك لە فەرمانبەر هاوكاری دەكەن لەوانەی مەرجی پێویستیان لە كاری چاودێری داراییان تیدا هەبێت .
پ. لە پێكهێنانی دەستەكان ڕەچاوی پسپۆری و شارەزایی ئەندامەكان دەكرێت كەبگونجێت لەگەڵ ئەركەكانی كەرتی و جۆریی كە پێیان ڕاسپێردراوە.
ت. دەستەكان پەیڕەوی ئەو ڕێكارانە دەكەن كە ئەنجوومەن دیاری دەكات لە مەڕ چۆنیەتی ئامادەكردن و جۆری ڕاپۆرتەكان و میكانزمی جێبەجێكردن بۆ هەر یەكێكیان.
2. بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە مرۆییەكان و خزمەتگوزاریە كارگێڕیەكان:
أ.. پێشنیاری میلاكی فەرمانگە وناساندنی وەزیفەكان و ڕێكخستنی ڕێوشوێنی دامەزراندن و ئامادەكردنی سەرجەم نوسراوە كاڕگێریەكانی پەیویست بە كاروباری كارمەندان و خانەنەشین كردنیان، وە پاراستنی تۆمارەكان و دۆسیەكانی تایبەت بە كار و باریان.
ب.. پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری چاپ و كۆپی و گەیاندن وپاراستنی باڵەخانە و دابین كردنی پێداویستیەكانی فەرمانگە لە پەڕاوگە و كەل و پەل و ئامێر و هۆكارەكانی گواستنەوە و كۆگا و كۆنـتـرۆڵ كردنی جووڵەی هاتوو / دەرچوو و پاراستنیان.
پ. سەرپەرشتی دابەش كردنی پۆستە و وەرگرتن و دەركردن و بە دۆكیۆمێنتكردنی نووسراوە ئاسایەكان و پاراستنیان.
ت. ڕێكخستنی كرداری هاتووچۆی كارمەندان و میوانەكان لە فەرمانگەدا وە ئامادەكردن و دابین كردن و پاراستنی كەرەستەكانی بەرگری شارستانی و پاراستنی فەرمانگە لە ڕووی ئاسایشەوە.
ج. دابین كردنی پێداویستیەكانی میوانداری ئەو كۆنگرە و كۆڕ و كۆبونەوە و خولی ڕاهێنانانەی كە فەرمانگە سازیان دەكات.
چ. پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ لە كۆبوونەوەكاندا و وەرگێڕانی نووسراو و گرێبەست و هەر بەڵگەیەكی تر بۆ سەر زمانی كوردی یا عەرەبی یا ئینگلیزی و بە پێچەوانەوە بەپێی پێویست.
ح. ڕێكخستنی دۆسیە و تۆمار و داتابەیسەكان بۆ ئەو چالاكیانەی كە ئەو فەرمانگەیە لە خۆی دەگرێت و ئەرشیف كردنی یاسا و پەیڕەو و ڕێنمایەكانی پەیوەندیدار بە كارەكە.
3. بەڕێوەبەرایەتی كاروباری دارایی:
أ.. ئامادەكردنی بودجەی ئاسایی و وەبەرهێنانی فەرمانگە و بەرزكردنەوەی بۆ دیوان بەمەبەستی بڕیار لێدان و یەكخستنیان.
ب. ڕێكخستنی بەڵگەی خەرج و قەید و وەرگرتن و تۆماركردنی لە تۆمارە پەیوەندارەكان.
پ. ئامادەكردنی تەرازووی پێداچوونەوە و خشتەكانی مانگانەی هاوپێچ.
ت. گرتنی تۆماری هەبووە جێگیرەكان و پاراستنی بە بەردەوامی.
ج. ئامادەكردنی ڕاپۆرت بەو گۆڕانكاریانەی كە مانگانە ڕوو دەدەن لە مووچە و دەرماڵە و كرێ ی كارمەندانی فەرمانگە.
چ. ئامادەكردنی پێداویستیەكانی ڕێكخستنی گرێبەستەكان كە فەرمانگە لایەنێكە تیایدا بە پێی ئەودەسەڵاتەی كە لە لایەن سەرۆكی دیوانەوە دراوە، وە تەواوكردنی پێداویستیەكانی ئەنجامدانی لەگەڵ ئامادە كردنی تێچووی خەمڵێنراو و بەڵگەكانی كەمكردنەوە و جاڕدان و دابین كردنی تەرخانكراوی دارایی پێویست بۆیان.
ح. ئەرشیف كردنی یاسا و پەیڕەو و رێنماییەكانی پەیوەست بە گرێبەستە حكومیەكان و پۆلێن كردنی بەڵێندەر و كۆمپانیاكان كە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت.
خ. ڕێكخستنى دۆسێیە و تۆمار و داتابەیسەكان بۆ ئەو چالاكیانەی كە ئەم فەرمانگەیە لە خۆی دەگرێت.
4. بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی سەرپێچیەكان و كاروباری یاسایی:
أ. پێشكەشكردنی ڕاوێژی یاسایی و بەشدار بوون لە پەرەپێدانی سیستەم و ڕێنماییەكان.
ب. نوێنەرایەتی فەرمانگە لە بەردەم لایەنی دادوەری و بەدواداچوونی ڕێكاری جێبەجێكردنی ئەو حوكم و بڕیارانەی كە لە بەرژەوەندی فەرمانگە دەردەچن .
پ. بەدواداچوونی وەڵامەكان و هەڵسان بە پەیوەندی كارگێڕی پێویست ڕاستەخۆ لە گەڵ فەرمانگەكان لە سنووری جوگرافی یا كەرتی بە پێ ی ئەو دەسەڵاتە چاودێریەی كە پێی بەخشراوە بۆ كێشە و تێبینیە كارگێڕی و ڕوكەشی وبەرزەفتیەكان .
ت. بەدواداچوون بۆ وەڵامدانەوە و هەڵسان بە پەیوەندی كارگێری پێویست لەگەڵ فەرمانگەكان لە سنوری جوگرافیایی ج. كەرتیدا بە پێ ی ئەو دەسەڵاتە چاودێریەی كە پێ یان دراوە لەگەڵ دیوانی وەزارەت و لایەنی دادوەری پەیوەندار بۆ ئەم حاڵەتانەی كە دەكەونە خانەی سەرپێچی و تاوانەكانی دارایی بەمەرجێ ڕاپۆرتەكانی چاودێری و لێكۆڵینەوەی پەیوەندیدار پەسەندكرابن لەلایەن ئەنجومەنەوە.
چ. ڕێكخستن و بەردەوامی دان بە دۆسیەی ڕەوان و دۆسیەی هەمیشەیی (بۆ سەرپێچیەكانی دارایی كە پێویستە لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت وئەگەری ئەوەی هەیە بكەونە ناو خانەی تاوانەكانی دارایی )لەو فەرمانگانەی كە دەكەونە ژێر ڕكێفی چاودێری ، وە پێشنیار بۆ داخستنی ڕاپۆرتەكان دوای جێبەجێكردنی ناوەرۆكی ڕاپۆرتەكە بە پێی ئەو دەسەڵاتانەی بە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگە دراون.
ح. پێشنیاری ڕێكاری گونجاو بەرامبەر فەرمانبەری بەرپرس لەسەرپێچی دەرخراو لە ڕاپۆرتەكانی چاودێری دارایی پەسەندكراو و ئەنجامدانی بەدواداچوون بۆ پاكتاوكردنی.
خ. ڕێكخستن و پەسەند كردنی گرێبەست و بەڵێننامە ودەستەبەریەكانی پێوەندار بە فەرمانگە بە پێی ئەو دەسەڵاتانەی كە بە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگە دراون .
د. بەدواداچوونی موڵك و زەوی و زاری فەرمانگە و پاراستنی سەرجەم دوكیۆمێنت و بەراییەكانی پەیوەست بەم بابەتە .
ر. ڕێكخستنی دۆسێیە و تۆمار و داتابەیسەكان بۆ ئەو چالاكیانەی كە ئەم فەرمانگەیە لە خۆی دەگرێت وە ئەرشیف كردنی یاسا و پەیڕەو و ڕێنماییەكانی پەیوەندار بە بواری كارەكانی.
5.. بەڕێوەبەرایەتی پلاندانان و بەدواداچوون و كاروباری هونەری
أ.. پێشكەش كردنی ڕاوێژ لە بوارەكانی دارایی و ژمێریاری و گشتاندنی بەڵگەی كاری چاودێری و ستاندەرەكانی هەڵسەنگاندنی كارەكان بۆ پێكهاتەكانی فەرمانگە و بەشداربوون لە پەرە پێدانیان.
ب.. پێشنیاری پلانی ساڵانە و ستراتیژیەتی مەشق و ڕاهێنان و پێگەیاندنی كارمەندان ودابینكردنی پێداویستیەكانی جێبەجێكردن و بەدواداچوون بۆ چالاكیەكانی پەیوەست بە كۆنگرە و كۆڕ و كۆبوونەوە و كۆڕبەندە زانستیەكان و خولەكانی خۆجێیەتی وهەرێمایەتی و نێودەوڵەتی ، وە پێشنیاری چۆنیەتی بەشداربوون و سوود وەرگرتن لێیان.
پ. ئاسانكاری و بەدواداچوونی ڕاهێنانی كرداری یا مەیدانی لە فەرمانگە بۆ قوتابیانی پەیمانگاوكۆلێژەكانی پەیوەندار.
ت. ڕێكخستنی خولەكانی مەشق و ڕاهێنان بۆ فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگانەی دەكەونە ژێر دەسەڵاتی چاودێری هەروەها كارمەندانی كەرتی تایبەت لە بوارەكانی ژمێریاری و چاودێری دا .
خ. پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و بەگەڕخستنی سیستەم و پرۆگرامەكانی ئەلیكترونی و پشكنین و بەستن و پاراستنی ئامێرە ئەلیكترونیەكانی تر .
چ. كۆكردنەوە و پۆڵین كردن و چارەسەركردنی داتا پەیوەندارەكان بە پێوەرەكانی دارایی بۆ فەرمانگەكانی ژێر دەسەڵاتی چاودێری فەرمانگە بە پێی كەرتەكانی ئابووری و خستنەڕووی لەسەر شێوەی ڕاپۆرت بە مەبەستی ئەنجام گەیاندنی ئەركی چاودێری و وردبینی بە هەماهەنگی لە نێوانیاندا.
ح. پێشنیار كردنی پێوەرەكانی پلانی ساڵانە و وەرزیەكان بۆ فەرمانگە.
خ. رێكخستن و پاراستنی دۆسیەكانی ڕەوان و هەمیشەیی بۆ ئەو (سەرپێچیانەی كە دەكرێ پۆلێن بكرێن لەسەر سەرپێچیە كارگێرییەكان یا ڕوكەشەكان یا هەڵە سادە ژمێریاریەكانی بێ مەبەست) لەو فەرمانگانەی دەكەونە ژێر دەسەڵاتی چاودێری ، وە پێشنیاری داخستنی ڕاپۆرتەكان دوای جێبەجێكردنی هەموو ئەو خاڵانەی تیایاندا هاتووە بە پێی ئەو دەسەڵاتانەی كە بە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگە دراون.
د. ئامادەكردنی هێڵكاری پەیكەری ڕێكخستنی فەرمانگە و بەدواداچوونی ئەو گۆڕانكاریانەی كە تیایدا ڕوو دەدەن .
ر. ئامادەكردنی ڕاپۆرتی ساڵانەی فەرمانگە دوای پوختەكردن و یەكخستنی سەرجەم ڕاپۆرتەكانی دارایی پەسەندكراو وناردنیان بۆ فەرمانگەی كاروباری هونەری و توێژینەوە لە كاتی دیاری كراودا وەك لە پلانی ئەنجومەن دا هاتووە .
ز. ڕێكخستنی دۆسێیە و تۆمار و داتا بەیسەكانی پەیوەندار بەو چالاكیانەی كە ئەم بەڕیوەبەرایەتیە لە خۆی دەگرێت.
6. بەشی ووردبینی ناوخۆ
أ. ووردبینی مامەڵەكانی خەرج و وەرگرتن و قیدی ژمێریاری ڕۆژانە و ودڵنیابوون لە دروستیان لە ڕووی یاساییەوە، وە ڕادەی گونجانیان لەگەڵ سیستەمەكانی ژمێریاری و ڕێنمایی دارایی پێش خەرج كردن .
ب. چاودێری و ووردبینی جووڵەی پێشینە و سپاردە كاتی و هەمیشەییەكان و نەختینە لە خەزنەدا.
پ. بە دواداچوونی كاری لیژنەكانی جەردی هەبووە جێگیرەكان و كۆگاكان وگرتنە بەری ڕێكاری پێویست لەم بارەیەوە و پشكنین و بەراوردكردنی ژمێرەی ڕەوان لە بانكەكان و هاوتاكردنی ڕۆژانە لەگەڵ خەزنەدا.
ت. ووردبینی گرێبەستە واژوو كراوەكان لەگەڵ فەرمانگە و ئەنجامدانی ڕێكاری جێبەجێكردنیان .
ج. ووردبینی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە و لیستەكانی ئامادەكراو بۆ كۆمپیوتەر سەبارەت بە مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران .
7. نووسینگەی سەرۆكی فەرمانگە
نووسینگەی سەرۆكی فەرمانگە لەلایەن فەرمانبەرێكەوە بەڕێوەدەبرێت كە پلەكەی لە بەڕێوەبەر كەمتر نەبێت و هەڵگری بڕوانامەی بەكالوریۆس و شارەزا و بە توانا بێت نووسینگە هەڵدەستێت بە :-
أ. وەرگرتن و دەركردن و پاراستن و بە دۆكیومێنت كردنی نووسراو وفەرمانە تایبەت و نهێنیەكانی هاتوو بۆ نووسینگە.
ب. ڕێكخستنی كاتی كۆبونەوە و دیدار و چاوپێكەوتنەكانی سەرۆكی فەرمانگە .
پ. بەدواداچوونی ئەوداواكاریانەی هاتوون بۆ فەرمانگە سەبارەت بە گەندەڵی یان خراپ بەكارهێنانی دارایی گشتی یا هەر زێدەڕەویەكی دارایی كە فەرمانگە ئاشكرای دەكات ، وە ناردنی بۆ سەرۆكی دیوان بە پێی پێویستی بابەتەكە و دەسەڵاتەكان و بەدواداچوون بۆ ئەو ئەنجامانەی كە لێیان دەكەوێتەوە.
ت. ناساندنی كاروچالاكییەكانی فەرمانگە بە میدیاكان و ڕەخساندنی پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژنامە و دەزگاكانی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆر لە سنوری سیاسەتی ڕاگەیاندنی دیاری كراو لەلایەن سەرۆكایەتی دیوانەوە.
ج. جێبەجێكردنی هەركار و ئەركێكی تر كە لە لایەن سەرۆكی فەرمانگە پێیان ڕادەسپێرێت.
ماددەی (10) ئە و پیًكهاتانەی ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە سەرۆكی دیوانەوە
گشت ئەوفەرمانگە و نووسینگە و بەشانەی لە ماددەی(3)ی ئەم پەیڕەوەدا هاتوون ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە سەرۆكی دیوانەوە .
ماددەی (11) یاریدەدەرانی سەرۆكی فەرمانگەكان و بەڕێوەبەر و سەرۆك دەستەكان
یەكەم / بەڕیوەبەری گشتی هەر فەرمانگەیەك لەم فەرمانگانەی لە ماددەی(3)ی ئەم پەیڕەوەدا هاتوون فەرمانبەرێك یاریدەدەری دەبێت بە ناونیشانی یاریدەدەری بەڕیوبەری گشتی و بە لایەنی كەمەوە هەڵگری بڕوانامەی زانكۆ و شارەزا و پسپۆر بێت .
دووەم / یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەكانی ووردبینی مەڵبەندی و فەرمانگەكانی ووردبینی پارێزگاكان بەشداری دەكات لە دانان و ڕێكخستن و هەماهەنگی پلانەكانی چاودێری و ووردبینی ئەو فەرمانگەیەی كە كاری تیادا دەكات ، وە هەڵدەستێت بە بەدواداچوونی قۆناغەكانی جێبەجێكردنیان و دابین كردنی زانیاری و داتا و ئاماری پێویست لەسەر چالاكیەكانی فەرمانگە .
سێیەم / یاریدەدەری بەڕیوەبەری گشتی لە فەرمانگەی كارگێڕی و هونەری هەڵدەستێ بە بەشداری كردن لە دانان و ڕێكخستن و هەماهەنگی پلانە كارگێڕی و دارایی و هونەریەكان بۆ ئەو فەرمانگەیەی كە كاری تیا دەكات ، وە بەدوادداچون بۆ قۆناغەكانی بە ئەنجام گەیاندیان .
چوارەم / هەر پێكهاتەیەكی كارگێڕی یان دەستەی چاودێری هاتوو لەم پەیڕەوەدا فەرمانبەرێك بەرێوەبەرایەتی دەكات كە پلەكەی لە بەڕێوەبەر كەمتر نەبێت و بە لایەنی كەم هەڵگری بڕوانامەی بكالوریۆس وشارەزا بێت لە پسپۆریەكەی .
پێنجەم / دەكرێت فەرمانبەری ڕاسپێردراو بۆ سەرۆكایەتی بەڕێوەبەرایەتی و دەستەكانی چاودێری پێش جێبەجێكردنی ئەحكامەكانی ئەم پەیڕەوە لە شوێنی خۆی بەردەوام بێت بەدەر لە ئەحكامی بڕگەی (چوارەم)ی سەرەوە بە پێ ی پێویستی كار و شارەزایی و توانایی فەرمانبەر .
ماددەی (12) ئەم پەیڕەوە لە ڕۆژی دەرچوونی یەوە كاری پێ دەكرێت ولە رۆژنامەی وەقائعی كوردستان بڵاو دەكرێتەوە.
خالید هادی چاوشلی
سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی
هەرێمی كوردستان - عیراق