یاسای دیوانی چاودێری دارایی ژمارە (2) ی ساڵی 2008
بەشی یەكەم
پێناسەو
پێكهاتەو ئامانجەكانی دیوانی چاودێری دارایی
ماددەی یەكەم:
مەبەست لەم
زاراوانەی خوارەوە ماناكانی بەرامبەریانە:
یەكەم: هەرێم: هەرێمی كوردستان عێراق
دووەم: دیوان: دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم.
سێیەم: ئەنجوومەن: ئەنجوومەنی چاودێری دارایی.
چوارەم: سەرۆك: سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم.
پێنجەم: دەسەڵاتی
چاودێری: ئەنجوومەن و
سەرۆكەكەی و هەریەك لە دەستە و فەرمانبەرانی دیوان كە یەكێك لەو دووانە دەسەڵاتیان
پێدابێت لە بواری پسپۆڕی چاودێری دا.
ماددەی دووەم:
دەسەڵاتێكی
چاودێری لە هەرێمدا دادەمەزرێت بە ناوی (دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان عێراق) كەسایەتییەكی مەعنەوی و سەربەخۆی دارایی و كارگێڕی هەیە و بۆی هەیە
هەموو رەفتارێكی یاسایی بۆ بە ئاكام گەیاندنی ئەركی سەرشانی خۆی بگرێتەبەر و سەرۆكەكەی
یان ئەو كەسەی كە دەسەڵاتی پێدەدات نوێنەرایەتی دەكات.
ماددەی سێیەم:
دیوان بە ئەنجوومەنی
نیشتمانی كوردستان- عێراقەوە دەبەسترێتەوە.
ماددەی چوارەم:
ئامانجی سەرەكی
دیوان بریتیە لە پارێزگاری كردن لە موڵك و ماڵی گشتی لە رێگای پیادەكردنی چاودێری
كردنێكی كاریگەرانە بەپێی ئەو پسپۆڕایەتی و دەستەڵاتانەی كە ئەم یاسایە پێی داوە.
ماددەی پێنجەم:
سەرۆكی دیوان
بە مەرسومێك كە لە سەرۆكایەتی هەرێم دەردەچێ دادەمەزرێت و لە سەر پاڵاوتنی ئەنجوومەنی
نیشتمانیی كوردستان- عێراق و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی و بە پلەی وەزیر دەبێت و
هەموو ماف و ئیمتیازاتێكی وەزیریشی هەیە سەبارەت بە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی و
خزمەت و دەستەڵاتی وەزیری داراییشی دەبێ لەوەی كە پەیوەندی بە كاروباری دیوان و
میلاك و بوودجەوە هەیە و ماوەی سەرۆكایەتییەكەی (4 ساڵە) شایانی دووبارەبوونەوەی
بۆ یەك جار بە رەزامەندی زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كوردستان
عێراق هەیە و نابێ لە ماوەی سەرۆكایەتیەكەی بە بێ رەزامەندی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی
ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان عێراق
لابدرێ.
ماددەی شەشەم:
دیوان لەمانە
پێكدێت:
یەكەم / ئەنجوومەنی
چاودێری دارایی:
1- ئەنجوومەنی
چاودێری پێكدێت لە سەرۆكی دیوان، وەك سەرۆك لەگەڵ جێگرەكەی و بەڕێوەبەرە گشتییەكان
وەك ئەندام و لە كاتی ئامادە نەبوونی سەرۆكی دیوان جێگرەكەی جێگای دەگرێتەوە.
2- ئەنجوومەن
بە لایەنی كەمەوە مانگێ جارێك كۆدەبێتەوە و و راددەی (نصابی) یاسایی بە ئامادە
بوونی 2/3 دوو لەسەر سێی ئەندامانی تەواو دەبێ.
3- ئەنجوومەن
بڕیارەكانی بە زۆرینەی دەنگی ئامادەبووان دەردەكات و لە كاتی یەكسانبوونی دەنگەكان
ئەو لایەنە پەسەند دەكرێ كە سەرۆك دەنگی بۆ داوە.
دووەم: سەرۆكی
دیوان:
سەرۆكی دیوان
دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەن و ئەم فەرمانگانەی خوارەوە بە سەرۆكی دیوان دەبەسترێنەوە:
1- فەرمانگەی
كاروباری كارگێڕی و دارایی و یاسایی:
بەڕێوەبەرێكی
گشتی سەرۆكایەتی دەكات و خزمەتگوزارییەكانی كارگێڕی و دارایی و یاسایی ئامادە و
پێشكەش بە پێكهاتەكانی دیوان دەكات.
2- فەرمانگەی كاروباری هونەری و توێژینەوە:
بەڕێوەبەرێكی
گشتی سەرۆكایەتی دەكات و ئەو ئەركە هونەری و پیشەییانە پێشكەش دەكات كە نەخشەسازیی
و بەدواداچوون و سیستەمی ژمێریاری پێویستیان پێی هەیە، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ئەنجامەكانی
كار و شیاندن و هەروەها ئەركی توێژینەوە لە هۆكارەكانی پەرەپێدانی ئەركی چاودێری و
زیادكردنی كاریگەریەكەی و بەرزكردنەوەی ئاستی جێبەجێ كردنی لە ئەستۆ دەگرێ و هەماهەنگی
لەگەڵ فەرمانگە و بەڕێوەبەرێیەتیەكانی سەر بە دیوان دەكات.
3- نووسینگەی
سەرۆكی دیوان:
فەرمانبەرێك
بە پلەی بەڕێوەبەر سەرۆكایەتی دەكات.
4- بەشی راگەیاندن
و پەیوەندییە گشتییەكان.
5- بەشی
چاودێری ناوخۆ.
سێیەم: جێگری سەرۆك
سەرۆكی دیوان
جێگرێكی هەیە بە پلەی بریكاری وەزارەت و هەموو ماف و ئیمتیازاتێكی تایبەت بە
بریكاری وەزارەتی هەیە.
چوارەم: فەرمانگەكانی وردبینی
هەر فەرمانگەیەك
لەو فەرمانگانە، بەڕێوەبەرێكی گشتی یا ژمێریارێكی یاسایی سەرۆكایەتی دەكات و تایبەتمەند
دەبن بە ژمارەیەك چالاكی كەرتی، بەو پێیەی كە ئەنجوومەن بەپێی پێویستی كاری
چاودێری دارایی بڕیاری لەسەر دەدات و پێكدێت لە:
فەرمانگەكانی
وردبینی مەڵبەندیی كە بریتین لە:
ا- فەرمانگەی چالاكی تەمویل و دابەشكردن و كۆمپانیاكان.
ب- فەرمانگەی چالاكی پیشەسازیی و سەرچاوە سرووشتییەكان.
ج- فەرمانگەی چالاكی كشتوكاڵی و ئاوەدانكردنەوە.
د- فەرمانگەی چالاكی خزمەتگوزارییەكانی گشتی.
ھ- فەرمانگەی چالاكی سەندیكا و رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان.
و- فەرمانگەی چالاكی ئەندازەیی و هونەریی.
2- فەرمانگەكانی
وردبینی پارێزگاكان.
ماددەی حەوتەم:
یەكەم: ئەوەی كە بە سەرۆكی دیوان دادەمەزرێ پێویستە ئەم مەرجانەی
خوارەوەی لێ بێتەدی:
1- هاووڵاتی
هەرێم بێ و لێی نیشتەجێ بێ.
2- بەلانی كەم
خاوەن بڕوانامەی بەرایی زانكۆ بێت لە یەكێك لە بوارەكانی (كارگێڕی، دارایی،
ئابووری، یاسا) و شارەزایی لە بواری پسپۆڕییەكەیدا لە (10) ساڵ كەمتر نەبێ.
3- نابێت بە
تاوانێك حوكم درابێت كە لە پایە و ناو و ناوبانگی كەم بكاتەوە.
دووەم: پێویستە ئەوەی
بە جێگری سەرۆكی دیوان یا بەڕێوەبەری گشتی دادەمەزرێ ئەم مەرجانەی خوارەوەی لێ بێتەدی.
1- هاووڵاتی
هەرێم بێت و لێی نیشتەجێ بێت.
2- دەبێت
بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە زانستی (كارگێڕی، دارایی یا ئابووری) هەبێت.
3- ماوەی 15
ساڵ خزمەتی هەبێت، بە مەرجێک (10) ساڵی خزمەتی بە كردەنی هەبێت، لە بوارێكدا، كە پەیوەندی
بە پسپۆڕییەكەیەوە هەبێ.
4- نابێت بە
تاوانێك یا كەتنێك حوكم درابێ.
سێیەم:
1- جێگری سەرۆكی
دیوان بە بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان عێراق و بە راوێژكردن لەگەڵ سەرۆكی دیوان دادەمەزرێ.
2- بەڕێوەبەرە
گشتییەكان لەسەر پێشنیازی سەرۆكی دیوان و بە بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی
نیشتمانی دادەمەزرێن.
بەشی دووەم
ئەرك و چوارچێوەكانی
كاری دیوان و ئەو لایەنانەی بەر چاودێری دارایی دەكەون.
ئەركەكانی دیوان
ماددەی هەشتەم:
یەكەم:
بۆ دڵنیابوون
لە ئەنجامی چالاكییەكانی ژمێریاریی و كارگێڕیی لە رووی یاسایی و رێنماییە داراییە پەیڕەوكراوەكان،
دیوان بۆی هەیە:
1- پشكنین و
وردبینی مامەڵەكانی خەرجییەكان لە بارەی مووچە و دەرماڵە و پاداشتەوە بكات بۆ
دڵنیابوون لە چۆنیەتی خەرجكردنیان.
2- دڵنیابوون
لە نەبەزاندنی سنووری پشتیوانە داراییەكان لە بوودجەی پەسەندكراو.
3- دڵنیابوون
لە بەكارهێنانی دارایی گشتی بۆ ئەو مەبەستانەی كە بۆی تەرخانكراوە، هەروەها دڵنیابوون
لە بەفیڕۆنەدانی و دەست بڵاوی لەگەڵ هەڵسەنگاندنی سوودەكانی.
4- چاودێری و
هەڵسەنگاندنی كار و چالاكییەكان بەپێی ماددەكانی ئەم یاسایە.
دووەم:
پشكنین و وردبینی
كردنی مامەڵەكانی خەمڵاندن و بەدەستهێنان و وەرگرتنی داهات بۆ دڵنیابوون لە هەڵسوكەوتە
پەیڕەوكراوەكان و چۆنیەتی جێبەجێكردنیان.
سێیەم:
پێشكەشكردنی
كۆمەكی هونەریی لە بوارەكانی ژمێریاریی و چاودێری و هەموو كاروبارێكی كارگێڕی و
رێكخستن كە پەیوەندییان پێیەوە هەبێت.
چوارەم:
رێكخستنی
خولی فێركاریی بۆ فەرمانبەرانی دیوان و دەزگا حكوومیەكان بۆ بەرزكردنەوەی توانایان
و دیوان بۆی هەیە بەپێی یاسا پەیڕەوكراوەكان دەرماڵەیان بۆ دابین بكات.
پێنجەم:
دیوان رای
خۆی لەسەر خشتە و بەیاننامە و راپۆرتە پەیوەندیدارەكان بە ئەنجامی كار و چالاكی
دارایی بۆ ئەو لایەنانە دەردەببڕێت، كە لە ژێر چاودێری دارایی دانراون لەگەڵ دەربڕینی
راوبۆچوون لە بارەی شێوازی ریكخستنی بەپێی یاساو رێسای ژمێریاریی پەیڕەوكراو، بۆ دڵنیابوون
لە ئاستی گونجاندنی لەگەڵ راستی و گونجاندنی لەگەڵ ناوەندە داراییەكان و ئەنجامەكانی.
شەشەم:
دەرخستنی بەڵگەكانی
گەندەڵی و فێڵكردن و بەفیڕۆدان و خراپ بەكارهێنان و بێ توانایی لە كاروباری وەرگرتن
و خەرجكردن و بەكارهێنانی دارایی گشتی لە ئەنجامی وردبینی و هەڵسەنگاندنی كار و
چالاكی فەرمانگەكان.
حەوتەم:
لێكوڵینەوە و
ئاگاداركردنەوە لەو كاروبارانەی پەیوەندییان بە لێهاتوویی بەدەستهێنان و خەرجكردن
و بەكارهێنانی ماڵی گشتی هەیە، وەك چۆن بە فەرمی لە لایەن ئەنجوومەنی نیشتمان
كوردستان عێراقەوە داوا كراوە.
هەشتەم:
بەدواداچوونی
جێبەجێكردنی یاساو رێنماییە دارایی و ژمێریارییە كارپێكراوەكان بۆ دڵنیابوون لە
جێبەجێكردنی و شیاوی و گونجانی لەگەڵ ئەو پێشكەوتنە نوێیانەی لە هەرێم روویانداوە
و سەرنجڕاكێشان بەرەو چۆنیەتی دەركەوتنی كورتهێنان و پێشكەشكردنی پێشنیازی پێویست
بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بە مەبەستی پێشخستنی یا هەمواركردنی ئەو
یاسا و پەیڕەو و رێنماییانە.
ماددەی نۆیەم:
یەكەم: دیوان راپۆرتێكی ساڵانە پێشكەشی سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجوومەنی
نیشتمانی و ئەنجوومەنی وەزیران دەكات و تیایدا تێبینییەكانی خۆی لەسەر بارودۆخی
دارایی و كارگێڕی و ئابووری لە بواری چاودێری دارایی لەسەر وەزارەت و ئەو لایەنانە
روون دەكاتەوە كە دەكەونە ژێر حوكمی چاودێرییەوە، هەروەها راپۆرتەكە كورتەیەك لە
كارو چالاكییەكانی دیوان لە ماوەی ئەو ساڵەدا لە خۆ دەگرێت.
دووەم: دیوان بۆی هەیە راپۆرت لەسەر هەربابەتێكی گرینگ پێشكەش بە
سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی و سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بكات كە لە بواری
چاودێری و هەڵسەنگاندنی كار و چالاكی دارایی و كارگێڕیی و ئابووری دێتە پێشەوە.
ماددەی دەیەم:
ئەم لایەنانەی
خوارەوە چاودێری دارایی دەیانگرێتەوە:
یەكەم: وەزارەت و كارگێڕییە حكوومییەكان و ئەو دەستە سەربەخۆیانەی
كە سەر بە وەزارەتەكان نین لەگەڵ ئەو لایەنانە كە بوودجەی سەربەخۆ و پاشبەندیان هەیە.
دووەم: هەموو ئەو سەندیكا و كومەڵە و یەكێتی و رێكخراوانەی كە حكوومەت
مۆڵەتی پێداون.
سێیەم: هەر لایەنێكی تر كە ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان عێراق
بڕیار دەدات بخرێتە ژێر حوكمی چاودێرییەكەی، كە لە لایەن
چاودێری داراییەوە یا خود ئەوەی، كە لە یاساكانی دامەزراندنیدا هاتبێ.
بەشی سێیەم
تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی دیوان
مادەی یانزدەم:
دیوان مافی بینینی هەموو ئەو بەڵگەنامە و دۆسیەی
مامەڵە ئاشكرا و نهێنیانەی هەیە كە پەیوەندییان بە كاری داراییەوە هەبێ، جگە لەو بەڵگەنامانەی
كە سەرۆكی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی و سەرۆك وەزیران بەدەریان
دەكات، بە مەرجێك سەرۆكی دیوان ئاكادار بكرێ بۆ زانینی زانیاری و دەربڕینی رای خۆی
لەبارەیەوە.
ماددەی
دوانزدەم:
یەكەم: دیوان دەسەڵاتی هەڵسەنگاندنی دارایی بۆ كاروباری گرێبەستی
گشتی و هەروەها یارمەتی و بەخشش و قەرز و ئاسانكارییەكانی حكوومەت هەیە بۆ دڵنیابوون
و چۆنیەتی خەرجكردنیان بۆ ئەو مەبەستانەی كە بۆی تەرخانكراوە.
دووەم: پێویستە دەزگاكانی هەرێم هەموو گرێبەست و بەیاننامەی قەرز
و بەخششەكانی كە چنگی دەكەون لە ماوەی مانگێك دا بۆ دیوانی بنێرێت بە مەبەستی بە
دواداچوون و دەربڕینی تێبینی پێویست لە بارەیانەوە.
بەشی چوارەم
سەرپێچییە داراییەكان
ماددەی سێزدەم:
یەكەم: ئەم كار و رەفتارانە بۆ مەبەستی ئەم یاسایە بە سەرپێچی
دارایی دادەنرێن:
1- پابەند نەبوون
بەیاساو بڕیارو پەیڕەو و رێنمایی و بەیانە داراییەكان.
2- پشتگوێخستن
و كەمتەرخەمی نواندن، كە دەبنە هۆی لە دەستچوون و بە فیڕۆدانی دارایی گشتی یاخود
زیان گەیاندن بە ئابووری نیشتیمان.
3- پێشلكردنی
یاسای بەرزەفتكردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت یاخود هەریاسایەكی دیكە كەكاری پێدەكرێت،
ئەگەرلە ئەنجامدا زیانی بەدارایی گشتی گەیاند.
4- شاردنەوەی
پەڕاو و دیکۆمێنت و ئەو تۆمارانەی، كە بۆ كاری چاودێری و وردبینی پێویستن بە بێ
بوونی پاساوی گونجاو.
5- وەڵام نەدانەوەی
نووسراوەكانی دەسەڵاتی چاودێری و سەرپێچی و تێبینیەكانی و لەبەرچاونەگرتنیان.
6- ئەنجامنەدانی
كاری پێویست سەبارەت بەیەكلاییكردنەوەی ئەو سەرپێچییانەی، كە لە راپۆرتەكانی
دیواندا هاتوون.
دووەم: پێویستە لەسەر ئەو لایانانەی كەسەر بە چاودێری دیوانن لە
حاڵەتەكانی (تزویر و اختلاس) و ئەو سەرپێچییە داراییانە ئاگاداری بكەنەوە كەلە بڕگەكانی
(1 و 2)ی بەندی یەكەم لەم ماددەیەدا هاتوون، ئەمەش لەكاتی ئاشكرابوونی بەبێ ئەوەی
ئەو ئاگاداركردنەوەیە ببێتە هۆی هەڵنەسانی ئەو لایەنانە بە كاری پێویست، هەروەها
پێویستە دیوان لەئەنجامی لێكۆلینەوە لەو سەرپێچیانە ئاگادار بكاتەوە بە پێچەوانەوەش
بە سەرپێچی ئەم یاسایە دادەنرێت.
بەشی پێنجەم
دەستەڵات و ئەركەكانی ئەنجوومەنی
چاودێری دارایی
ماددەی چواردەم:
ئەنجوومەنی
چاودێری ئەم كارانە دەگرێتە ئەستۆ:
یەكەم: دانانی بنچینە و پلانی كاركردن لە دیوان و شێوازەكانی
جێبەجێكردنیان.
دووەم: دابینكردنی پێویستییە بنەڕەتییەكان، كە ئەركی چاودێری و
وردبینی گەڕەكیانە.
سێیەم: دەستنیشانكردنی خاڵەكانی كاری فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی
دیوان و رێسای رێكخستنیشی بە پەیڕەوێكی ناوخۆیی دەبێت.
چوارەم: دەستنیشان كردنی چوارچێوەی گشتی بۆ راپۆرتەكانی دیوان.
پێنجەم: تاووتوێكردن و بڕیاردان لەسەر ئەو تێبینی و رێنمایی و
پێشنیاز و رایانەی لە راپۆرتە ساڵانەییەكەی دیواندا هاتوون بەر لە دەرچوونیان و لەوەشدا
بۆی هەیە دەسەڵات بە یەكێک لە ئەندامەكانی یاخود فەرمانبەرەكانی دیوان لەو پسپۆڕییەدا
بدات.
شەشەم: رێكخستنی خولی لێكۆڵینەوەی پراكتیكی بۆ فەرمانبەران و ئەنجوومەن
بۆی هەیە ئەو دەرماڵە بڕیار لێدراوانە بدات بەوانەی كە بەشداری تێدا دەكەن.
حەوتەم: لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەوانەی سەرۆكی دیوان یاخود هەر ئەندامێكی
ئەنجوومەن لە قەزیەكان دەیخاتە بەردەمی بڕیار و راسپاردە لە بارەیانەوە وەردەگرێت.
هەشتەم: ئامادەكردنی بوودجەی ساڵانەی دیوان و ناردنی بۆ وەزارەتی
دارایی بۆ دانانی لەناو بوودجەی گشتی هەرێم دا.
نۆیەم: ئەنجوومەن بۆی هەیە بەڕێوەبەرایەتی یان بەش لە ناو
پێكهاتەی دیوان بكاتەوە یاخود هەڵیانوەشێنێتەوە بەپێی پێویستی كار.
دەیەم: ئەنجوومەن بۆی هەیە چاودێری لەسەر مامەڵەكان ئەنجام بدات
بەر لەوەی بە قۆناغەكانی كۆتایی بگات.
یازدەم: ئەنجوومەن بۆی هەیە چالاكییەكانی فەرمانگە وردبینیەكان
هەموار بكات و دووبارە بەپێی پێویستی كار دابەشیان بكاتەوە.
دوازدەم: لێكۆڵینەوە لە هەموو ئەو راپۆرت و بابەتانەی بۆ دیوان لە
لایەن سەرۆكی هەرێم یان سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی یاخود سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە
رەوانە دەكرێن بۆ وەرگرتنی بڕیار و راسپاردە و پێشنیازی پێویست لە بارەیانەوە.
ماددەی پازدەم:
یەكەم: ئەنجوومەن بۆی هەیە ئەم دەرماڵانەی خوارەوە بە فەرمانبەرانی
دیوان بدات.
1- دەرماڵەی چاودێری، رێژەكەی لە 50% ی مووچەی فەرمانبەر
رەتنەكات.
2- دەرماڵەی
ترسناكی و ئەركی تایبەتی رێژەكەی لە 75%ی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە رەتناكات، كە
كاری چاودێری و وردبینی دەكەن و لە كاتی كارەكەیاندا تووشی مەترسی دەبن.
3- دەرماڵەی
شوێنی جوگرافی، رێژەكەی لە 30% ی مووچەی رەت نەكات.
4- دەرماڵەی
قەدەغەكردنی دەستدانە پیشە لە پاش دەوامی فەرمی بە مەرجێ رێژەكەی لە 50% ی مووچە رەتنەكات.
دووەم: ئەم دەرماڵانەی سەرەوەش پەیوەندی بەو دەرماڵانەوە نییە
كە بە شێوەی گشتی بە فەرمانبەرەكان دەدرێن.
سێیەم: ئەنجوومەن بۆی هەیە پێشخستن (قدم) لە ساڵێك تێنەپەڕێت لە
هەر پلەیەك بۆ مەبەستی سەر مووچە و بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی دیوان بدات كە
توانایەكی بەرزیان هەیە یاخود هەوڵێكی لە رادەبەدەر دەدەن بەپێی ئەو رێنماییانەی كە
بۆ ئەم مەبەستە دەریدەكات.
بەشی شەشەم
دەسەڵاتەكانی سەرۆكی دیوان
ماددەی شازدەم:
بە مەبەستی
جێبەجێكردنی ئەم یاسایە بۆ زامنكردنی ئەو رێكارانەی كە ئەنجامی كارەكانی چاودێری
دارایی لێدەكەوێتەوە، سەرۆكی دیوان ئەم تایبەتمەندیی و دسەڵاتانەی خوارەوەی هەیە:
یەكەم: لێكۆڵینەوە لە سەرپێچییە داراییەكان و داوای پێشكەشكردنی
هەر روونكردنەوەیەك یا خود زانیارییەك لەوەی كە دەزانێ ئەگەری ئاشكراكردنی سەرپێچییەكە
لەسەر لێكۆڵینەوە كردن لەگەڵی وەستاوە، چ جای كارمەندی فەرمانگە یا هی دیکە بێت.
دووەم: دەستكێشانەوەی فەرمانبەر لە كارەكەی هەر كات سەلامەتی
لێكۆڵینەوە و چاودێری پێویستی كرد یاخود لە كاتی دەركەوتنی سەرپێچی یا تاوانێكی
دارایی یان كارێكی پێچەوانەی حوكمەكانی ئەم یاسایە یاخود یاساو پەیڕەو و رێنمایی
دارایی پەیڕەوكراو بێ.
سێیەم: سەرۆك بۆی هەیە داوا لە وەزیری تایبەتەمەند بكات سەرپێچكەر
(سەرپێچییەكی دارایی) بنێرێت بۆ لیژنەی لێكۆڵینەوە كە لە وەزارەتەكەی پێكدێت یاخود
سزای كارگێڕی بەسەردا بسەپێنرێت.
چوارەم: سەرۆك بۆی هەیە لەو كێشانەی كە لێكۆڵینەوەیان تێدا
كۆتایی هاتووە داوا لە وەزیری تایبەتمەند بكا فەرمانبەر ئەو زیانە بژمێرێت كە لە ئەنجامی
كەمتەرخەمی یاخود سەرپێچیكردنی یاساو پەیڕەو و رێنماییە باوەكان بە فەرمانگەكەی گەیاندووە.
پێنجەم: داوا لە وەزارەتی تایبەتمەند یان لایەنە پەیوەەندیدارەكان
بكرێت داوای مەدەنی بەو سەرپێچییە داراییانەوە بە دواداچوونی لە دادگای تایبەت
تۆمار بكات، پێویستە دیوان زانیاری بە لایەنی پەیوەندیدار لە بارەی ئەو سەرپێچییانەوە
بدات لە حاڵەتی جێبەجێنەكردنی لە لایەن وەزارەتی تایبەتمەندەوە، ئەمە بە سەرپێچییەكی
دارایی لەسەر وەزارەتی پەیوەندیدار تۆمار دەكرێ و سەرۆكی دیوان بۆی هەیە ئەمە بە سەرۆكایەتی
ئەنجوومەنی نیشتیمانی رابگەیەنێ.
شەشەم: سەرۆكی دیوان بۆی هەیە بە هۆی داواكاری گشتییەوە
داواكاری یاسایی بەسەر ئەنجامدەرانی تاوانی دارایی تۆمار بكات ئەگەر وەزارەت دەستی
بەو كارە نەكرد.
حەوتەم: سەرۆكی دیوان بۆی هەیە بانگهێشت یان میوانداریی هەر لایەنێك
بكات كە سەر بە چاودێری دیوان بێت بۆ ئامادەبوونی كۆبونەوەكانی ئەنجوومەن لەو
كاروبارانەی كە پەیوەستن پێیانەوە.
هەشتەم: سەرۆكی دیوان بۆی هەیە داوای فەرمانبەرانی دەوڵەت یاخود
شارەزایان لە كاتی پێویستدا بەو شێوەی كە بە پەسەندی دەزانێ بۆ بەشداریی پێكردنیان
لە كاری چاودێری و بۆی هەیە پاداشت و كرێیان بەرامبەر بەو خزمەتگوزاریانە بەپێی
یاساو رێنماییە پەیڕەوكراوەكان بۆ خەرج بكات
.
ماددەی حەڤدەم:
ئەگەر
ناكۆكییەك كەوتە نێوان دیوان و یەكێك لەو لایەنانەی سەر بە چاودێرین و راستەوخۆ لە
نێوانیاندا یەكلانەكرایەوە، سەرۆكی دیوان بۆی هەیە بابەتەكە بخاتە بەردەم سەرۆكایەتی
ئەنجوومەنی نیشتمانییەوە.
حوكمە كۆتاییەكان
ماددەی هەژدەم:
یەكەم: بەر لەوەی سەرۆكی دیوان كار و دەسەڵاتە بڕیارلێدراوەكانی
بەپێی ئەم یاسایە وەرگرێ، لەبەردەم ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردستان_ عێراق ئەم
سوێندە دەستورییەی خوارەوە دەخوات.
(سوێند دەخۆم
بە خوای مەزن، كار و فەرمانەكانم بە راستی و بە ئەمانەت و دڵسۆزییەوە ئەنجام بدەم
و یاسا و پەیڕەو و رێنماییەكان بە ئەمانەت و بە دەستپاكی و بێلایەنی پیادە بكەم و
سەربەخۆیی دیوان و بێلایەنی و شكۆمەندییەكەی بپارێزم و نهێنیەكانی كار بپارێزم و
رێز لە بنچینە رەوشتییەكان و پیشەییەكان بگرم كە كاروباری فەرمان و پیشەكه رێكدەخەن
و پێیانەوە پابەندبم و خوا لەسەر ئەوەی دەیڵێم شاهیدە).
دووەم: جێگری سەرۆكی دیوان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان و یاریدەدەرەكانیان
و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و سەرۆكەكانی دەستە چاودێرییەكان ئەو سوێندە یاساییە لە
بەردەم ئەنجوومەنی چاودێری دەخۆن، كە لە برگەی (یەكەم)ی سەرەوەدا هاتووە بەر لە دەست
پێکردنی كارەكانیان. كە خۆ بەستنەوە بە پرنسیپەكانی پیشەی چاودێری و جێبەجێكردنی بە
جۆرێكی بێلایەنی و ئاشكراكردنی هەرچی پێویستە بۆ بەرزكردنەوەی پایەی چاودێری لە هەرێمدا
دەگرێتەخۆ.
ماددەی نۆزدەم:
هەر یەك لە سەرۆكی
دیوان و جێگرەكەی و سەرۆكی فەرمانگەكان و سەرۆك و ئەندامانی دەستەكانی چاودێری
خۆیان بۆ ئەرك و كاری فەرمانەكەیان تەرخان دەكەن و هەموو ئەركێكیان بۆ كار و فەرمانەكانیان
تەرخان دەكەن و نابێ كار لە پیشەو كارێكی دیكەدا بكەن جگە لە كتێب دانان و
بڵاوكردنەوەی و وانەبێژی.
ماددەی بیستەم:
یەكەم: نابێ بەدواداچوونی یاسایی دەرهەق سەرۆكی دیوان بكرێ، مەگەر
لە دوای وەرگرتنی رەزامەندیی سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان- عێراق بێ، سەبارەت
بەو رەفتارە فەرمییانەی ئەنجامی دەدات لە كاری چاودێری و وردبینیدا.
دووەم: نابێ بە دواداچوونی یاسایی بەرامبەر جێگری سەرۆكی دیوان
و سەرۆكی فەرمانگەكانی وردبینی لە سەر رەفتارە رەسمییەكانیان لە بواری چاودێری و
وردبینی بكرێ پێش وەرگرتنی رەزامەندیی سەرۆكی دیوان و بە ئاگاداری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی
نیشتیمانی كوردستان_عێراق.
ماددەی بیست و یەكەم:
یاساكانی خزمەتی
مەدەنی و میلاك و بەرزەفتكردنی فەرمانبەران دەرهەق بە فەرمانبەرانی دیوان جێبەجێ دەكرێن
بە مەرجێك لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایە ناكۆك نەبن.
ماددەی بیست و دووەم:
یەكەم: پێكهاتە و فەرمانگەكانی دیوان و ئەركەكانیان و تایبەتمەندییەكانیا
بە پەیڕەوێكی ناوخۆ دیار دەكرێ كە لە دیوانەوە دەردەچێت.
دووەم: سەرۆكی دیوان بۆی هەیە بەرەزامەندی ئەنجوومەن، رێنمایی ئاسانكاری
جێبەجێكردنی ئەم یاسایە دەربچوێنێ.
سێیەم: یاسای دیوانی چاودێری دارایی ژمارە (14) ی ساڵی 2000 و پەیڕەوی
دیوانی چاودێری دارایی ژمارە (212) ی ساڵی 1999 هەڵدەوەشێنەوە.
ماددەی بیست و سێیەم:
پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكان
حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ بكەن.
ماددەی بیست و چوارەم:
كار بە هیچ دەقێك
ناكرێ ئەگەر لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایە ناكۆك بێ.
ماددەی بیست و پێنجەم:
ئەم یاسایە لە
رۆژی بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی (وەقائعی كوردستان) دا جێبەجێ دەكرێ.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی
كوردستان- عێراق
ئەم یاسایە لە
23 ی گوڵانی 2708 ی كوردی بەرامبەر 8 ی جمادی یەكەم 1429 ی كۆچی و بەرامبەر 13 ی
ئایاری 2008 ی زاینی لە هەولێر دەرچووە.
هۆكارە
پێویستییەكانی دەرچوواندنی ئەم یاسایە:
لە پێناو
پاراستنی دارایی گشتی و بۆ پتەوكردنی پرنسیپی روونی و كارایی دەوری چاودێری ئەنجوومەنی
نیشتمانیی كوردستان عێراق و لە پێناوی سەلامەتی سیستەمی دارایی و خەرج كردنی
خەرجییەكان لەو لایەنانەی بۆیان تەرخان كراوە، ئەم یاسایە دەرچوێنرا.