کۆبونەوەکانی ئەنجومەن

كاتژمێر 9ی سەر لە بەیانی رۆژی دووشەممە رێكەوتی 26/4/2015 ئەنجومەنی چاودێری دارایی پێنجەمین كۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆكایەتی به‌ڕێز خالد هادی چاوشلی سەرۆكی دیوان و ئامادەبوونی سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رە گشتییەكانی دیوانی چاودێری دارایی سازدا.

سەرەتا به‌ڕێز سەرۆكی ئەنجومەن بەخێرهاتنی گشت ئەندامەكانی كرد و دواتر دەستكرا بە تاوتوێ كردنی ئەو بابەتانەی لە ئەجێندای كاری كۆبونەوەكە دیاری كرابوو كه‌ بەم شێوەیە بوو:

 یـەكــەم:

تاوتوێ كردن و پەسەند كردنی پلانی ساڵانەی چاودێری دارایی بۆ ساڵی دارایی 2014 كە لە لایەن فەرمانگە وردبینیەكان ئامادەكرابوو و لە 3/5/2015 دەست پێدەكات تا 30/11/2015 و دوای گفتوگۆیه‌كی تێروته‌سه‌ل پلانه‌كه‌ په‌سه‌ندكرا و لە دانانی پلانەكەش رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە كراوە:

1- پێش ساڵی 2014 بۆ زیاتر لە دوو ساڵ دەستەكانی چاودێری دەرنەچوون و فەرمانگە و دام و دەزگاكان لە ساڵانی 2011 ،2012 وردبینی نەكراون.

2- لەساڵی 2014 لەبەر بارودۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان فەرمانگەكان تەنها مووچە و هەندێك خەرجی پێویستیان هەبووە.

3- بەشێوەیەكی بەردەوام لەلایەن پەرلەمانی كوردستان و دادگاكان و داواكاری گشتی و فەرمانگەكان داوای وردبینی هەندێك دام و دەزگا و ڕێكخراومان لێ‌ دەكرێت، سەرەڕای هاتنی زانیاری لەسەر بەفیڕۆدانی سامانی گشتی.

4- پلانەكە لەسەر بنەمای گرنگی ڕێژەیی لەزۆری خەرجی و بوونی داهات و پڕۆژە و ناوچەی جوگرافی دانراوە.

 دووەم:

هەردوو ڕاپۆرتی دەستەی تایبەت لە سەر كاروچالاكیەكانی پەرلەمانی كوردستان بۆ ساڵی دارایی 2013 و 2014 كه‌ له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان داواكرابوو خرایە بەردەست ئەندامانی ئەنجومەن بۆ تاوتوێ كردنی و پاش گوێگرتن لە هەموو ڕاوبوچونەكان ئەنجومەن بە تێكرای دەنگ پەسەند كرا و پاش رەچاوكردنی تێبینیەكانی ئەنجومەن و ڕەوانەكردنی بۆ لایەنی پەیوەندار بۆ ئەنجام دانی كاری پێویست.

 سـێیـەم:

تاوتوێ كردنی ڕاپۆرتی دەستەی تایبەت لە سەر داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كە بە نووسراوی پەرلەمانی كوردستان ژمارە 4/3/3537 لە 22/10/2014 داوا كراوە. پاش تاوتوێ كردنی گشت خاڵەكان و پاش گوێگرتن لە هەموو ڕاوبۆچوونەكان و وەرگرتنی دوا تێبینیەكان هەندێ لە بڕگەكان هەموار كران و پاش رەچاو كردنی تێبینیەكانی ئەنجومەن راپۆرته‌كه پەسەند كرا و بڕیار درا به‌ ڕەوانەكردنی بۆ لایه‌نی پەیوەندار بۆ مەبەستی ئەنجام دانی كاری پێویست.

چوارەم:

تاوتوێ كردنی ڕاپۆرتەكانی دەستەی تایبەت لە سەر هەڵسەنگاندنی گرێبەستەكانی وەزارەتەكانی: سامانە سروشتییەكان، پەروەردە، بازرگانی و پیشەسازی، داد، پلان دانان پێوانە سازی وكۆنتڕۆڵی جۆری، پاش تاوتوێ كردنی سه‌رجه‌م خاڵەكان و دوای گوێگرتن لە هەموو ڕاوبوچوونەكان و وەرگرتنی دوا تێبینیەكان ئەنجومەن بە تێكرای دەنگ بڕیاری دا بە پەسەندكردنی هەر چوار راپۆرتەكە و رەوانەكردنی بۆ لایەنی پەیوەندار بۆ مەبەستی ئەنجامدانی كاری پێویست لەگەڵ رەچاو كردنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە بۆ كەیسی هاوشێوە لە ئایندە دا:

1.    سەبارەت بەو گرێبەستە نوێیانەی كە ڕەوانەی دیوان دەكرێت لە لایەن به‌ڕێوه‌به‌رایەتی بەدواداچوون و سەرپێچییەكان و كاروباری یاسایی وردبینی و هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت ولایەنی پەیوەندار لە تێروانین و تێبینیەكان ئاگادار بكرێنەوە.

2.    سەبارەت بە وردبینی و بەدواداچوونی جێبەجێ كردنی گرێبەستەكان لە كاتی وردبینی دەستەكان لەگەڵ كاروچالاكی دام و دەزگاكان وردبینی بكرێت.

 

  • بەڕێزان دەتوانن لە رێگەی ئەم فۆرمه یا ئیمەیل و تەلەفۆنانە پەیوەندی بكه‌ن به‌ ئێمەوه هەواڵ و ریپۆرتاژ و بۆچوونەكانتان بنێرن
  • 60 مه‌تری - ته‌نیشت وه‌زاره‌تی ناوخۆ (به‌رامبه‌ر سایلۆ)
  • 2006 264 66 (964+)
  • info@bsa.krd